یەکێتی بۆ بەخشینی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە تورکمان "نەرمی دەنوێنێت"
  2026-04-14       265       

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، بەرەکەیان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە و بەهۆیەوە ئەو حزبە و لایەنەکانی دیکە نەرمیان نواندووە.


ئاوێنە: ئەمیر عیزەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق بە میدیای پارتی وت "بابەتی گفتوگۆکردنمان لەگەڵ یەکێتی نوێ نییە و لەدوای هەڵبژاردنی کەرکووکەوە (ئەنجوومەنی پارێزگاکان) ئەو گفتوگۆیە هەبووە، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن و ئەوان لەگەڵ برا عەرەبەکان رێککەوتن، لەو کاتەوە هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بدرێتە تورکمان".
 
وتیشی "داواکاریی ئێمە ئاشکرایە و ئەوەیە کە وەکو پێکهاتەکانی دیکە دەرفەتێک بدرێتە بەرەی تورکمانی، دەمانەوێت هاوشێوەی کورد و عەرەب دەرفەتێکمان پێبدرێت کەرکوک بەڕێوەببەین".
 
وەک ئەمیر عیزەت دەڵێت "لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان هەیە، برادەرانی یەکێتی و عەرەبیش پێیان باشبوو کێشەی سەرۆککۆمار چارەسەر بکرێت، دواتر گرێکوێرەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێتەوە".

ئەو جەختیشیکردەوە "یەکێتی لاریی نەبووە لە پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام تێبینییان لە میکانیزمەکە هەیە، گفتوگۆ لەنێوان هەر سێ لایەنەکە بەردەوامە، نەرمی نواندن لەلایەن یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش هەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتە تورکمانی".
 
لەبارەی داواکارییەکانی یەکێتی لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی رونیکردەوە "یەکێتی داوای قایمقامەکانی دووبز، داقووق و کەرکوک و پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوکی کردووە، ئەو گفتوگۆیانە نزیکەی 6 مانگە بەردەوامن".
 
پەیوەست بەوەی ئایا تاچەند وڵاتان کاریگەریان لەسەر ئەم پۆستە هەیە؟ ناوبراو ئاشکرایکرد "هەموو وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان هەیە، تورکیا، ئێران، سعودیە و ئەمریکاش کاریگەرییان هەیە، ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن لە کاریگەری دەرەکی بەدەر نییە".

بەڵام ئەمیر عیزەت گەشبینە بەوەی گرێکوێرەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێتەوە و پۆستەکە بدرێتە تورکمان، "بەرژەوەندی هەموو لایەنێک لەوەدایە ئەمجارە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتە بەرەی تورکمانی".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×