ئەمڕۆ سێشەممە، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن میوانداریی کۆبوونەوەیەک لەنێوان باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان دەکات. دیدارەکە ئامانجی دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆیە لەنێوان هەردوولا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەم دواییە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس"، ئەم کۆبوونەوەیە دوای هێرشی زەمینی بەرفراوانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشوری لوبنان ئەنجام دەدرێت و تیایدا، جەخت لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەکاتەوە؛ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
هەر بەگوێرەی ئەو پێگەیە، ئەو کۆبوونەوەیە بە بەرزترین ئاستی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە ساڵی ١٩٩٣وە تائێستا دادەنرێت.
هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان، مایکڵ نیدهام ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە، یەحیا لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل و نەدا حەمادە باڵیۆزی لوبنان لەم دانیشتنەدا ئامادە دەبن.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێشتر چەندین جار پێشنیارەکانی حکومەتی لوبنانی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ڕەتکردبووەوە. بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کردووە کە لەژێر فشارەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕ، نەتانیاهۆ لە کۆتاییدا ڕازی بووە بە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە واشنتۆن وەک یەکەم هەنگاو لە کاروانی دانوستانەکانی ئاشتیدا.
جگە لەوەش لە لێواری ئەم کۆبوونەوەیەدا، حکومەتی لوبنان و ئیدارەی ترەمپ داوایان لە ئیسرائیل کردووە کە "وەستانێک" لە هێرشەکانیدا بۆسەر پێگەکانی حیزبوڵڵا دروست بکات.