دوای گەمارۆدانی شارۆچکەی (بنت جبەیل) لەلایەن ئیسرائیلەوە لەباشووری لوبنانو دواتر کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکە کە نزیکەی ٥ کیلۆمەتر لەسنووری ئیسرائیلەوە دوورە، وێنەی سەربازێک لەلیوای غیڤاتی ئیسرائیل لەسەر ئەو سەکۆیە بڵاوبۆوە کە حەسەن نەسروڵا گوتاری سەرکەوتنی تیا خوێندەوە لە ساڵی ٢٠٠٦دا.
ئاوێنە: بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، لەوێنەکەدا سەربازەکە لەبەردەم دیوارێکی یادگاریدا وەستاوە کە تایبەتە بەو چەکدارانەی حزبوڵای لوبنان کە لەپێکدادانەکانی پێشوو لەگەڵ ئیسرائیل کوژراون.
بنت جبەیل، گرنگییەکی تایبەتیو ڕەمزی بۆ حزبوڵا هەیە، کە لەگرنگی ستراتیژی و سەربازییەکەی واوەترە، هەر لەم شارۆچکەیەدا بوو کە حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی پێشووی حزبوڵا، لە٢٦ی ئایاری ٢٠٠٠، ڕۆژێک دوای کشانەوەی ئیسرائیل لەباشووری لوبنان پاش داگیرکردنی بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ، "گوتاری سەرکەوتن" خۆی پێشکەش کرد.
هەروەها شارۆچکەکەی وەک سەکۆیەک بەکارهێناو لەکاتی ئاهەنگەکانی "سەرکەوتن"دا دوای جەنگی تەمموزی ٢٠٠٦، وتە بەناوبانگەکەی لەبارەی ئیسرائیلەوە راگەیاند کە "لەتەونی جاڵجاڵۆکە تەنکترو لاوازترە".