جیمی کیمێل، ئەکتەرو بێژەری ناوداری کەناڵی ABCی ئەمریکی سوپاسی دۆناڵد ترەمپ دەکات "بۆ هەموو ئەو کارە گاڵتەجاڕو گەمژانەی کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدات'.
ئاوێنە: جیمی کیمێل، خەڵاتی باشترین بەرنامەی گفتوگۆی بەدەستهێناو لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا وتارێکی ئاگرینی دژ بەترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پێشکەش کردو وتی "سوپاس بۆ هەموو نووسەران، ئەکتەرەکان، بەرهەمهێنەران و ئەندامانی سەندیکاکان، زۆرێک لەئێوە لەم هۆڵەدا، بۆ پشتگیریکردنمان و بیرخستنەوەمان کە نابێت ئازادی قسەکردن لەم شارە یان لەم وڵاتەدا بە شتێکی ئاسایی وەربگرین، کارێکی بوێرانەتان کرد کە بەرنامەی (جیمی کیمێل لایڤ) بەردەوام بێت، سەڕەرای داژایەتی سەرۆکی ئەمریکا".
بەتەنزیشەوە وتی "لەهەمووی زیاتر دەمەوێت سوپاسی سەرۆکەکەمان، دۆناڵد ترەمپ بکەم، کە بەبێ ئەو ئەمشەو بەدەستی بەتاڵ دەچووینەوە ماڵەوە، سوپاس جەنابی سەرۆک، بۆ ئەو هەموو کارە گاڵتەجاڕانەی کە هەموو ڕۆژێک ئەنجامی دەدەیت، دوو هەفتەیەکی نایاب بوو، ئێمە گەمژەیەکمان هەیە هەموو رۆژێک کە قسەی بێمانا دەکات".