دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئێستای لەگەڵ ئێران ناکاتەوە، و پێی وایە گەیشتن بە ڕێککەوتن "باشترین بژاردەیە" لە قۆناغی ئێستادا، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە جەنگ "بەرەو کۆتایی دەچێت".
ئاوێنە: لە لێدوانێکیشدا بۆ پەیامنێری تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"، ترەمپ وتی: "بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست ناکەمەوە و پێشم وا نییە ئەوە پێویست بێت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شتی سەرسوڕهێنەر دەبینن".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی گوت کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڕوانگەی ئەوەوە وەک باشترین بژاردە دەمێنێتەوە، "چونکە دەرفەت بە ئێران دەدات خۆی بنیاد بنێتەوە"، ئاماژەی بەوەشدا کە ئێران ئێستا خاوەنی سیستەمێکی جیاوازە، و زیاتر وتی: "دۆخەکە هەرچۆنێک بێت، ئێمە توندڕەوەکانمان دوورخستەوە".
هەروەها ترەمپ پێی وابوو کە ئەگەر ئەو لە پۆستەکەیدا نەبوایە، ئەوا دۆخی جیهان بەرەو پشێویی زیاتر دەچوو، و وتی: "ئەگەر سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبوومایە، جیهان پارچە پارچە دەبوو".
لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە جەنگی ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت، و وتی: "پێموایە نزیکە لە کۆتاییهاتن. بەڵێ، دەیبینم کە زۆر نزیکە لە کۆتاییهاتن".
ڕوونیشیکردەوە کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتی ئێستادا بکشێتەوە، ئەوا ئێران پێویستی بە ماوەیەکی درێژ دەبێت بۆ دووبارە بنیادنانەوەی تواناکانی، و وتی: "ئەگەر ئێستا بکشێینەوە، ئەوا ئێران پێویستی بە ٢٠ ساڵ دەبێت بۆ خۆبنیادنانەوە، هێشتاش تەواو نەبووین. دەبینین چی ڕوودەدات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە باوەڕی وایە تاران سوورە لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لە هەمان چوارچێوەدا، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە پاکستان کرد "لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا"، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەم لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە ئیسلام ئاباد بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هات.
ترەمپ بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند: "لەوانەیە لە ماوەی دوو ڕۆژدا شتێک ڕووبدات"، و ئارەزووی خۆی بۆ چوونە پاکستان دەربڕی لەبەر ئەوەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان "کارێکی نایاب" لە دانوستانەکاندا دەکات.
جێی باسە، واشنتۆن و تاران لە ٨ی نیسانی ئەم مانگەدا بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ دانوستانەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەی کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا سەریهەڵدا، بەڵام گەڕی یەکەمی دانوستانەکان بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی هات.