قەیرانی غاز قوڵتر دەبێتەوە؛ بەهۆی شەڕەوە بەرهەمهێنانی غازی ماڵان لە عێراق ٥٣٪ دابەزی
  2026-04-15       229       

ڕوانگەی ئابووریی عێراق هۆشدارییەکی توند لەبارەی کەرتی وزەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ناوچەکەوە، بەرهەمهێنانی غازی چێشتلێنان (LPG) بە ڕێژەی زیاتر لە نیوە کەمیکردووە. ئەمەش وایکردووە قەیرانی کەمبوونی غاز و بەرزبوونەوەی نرخەکەی باڵ بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا بکێشێت.

ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕوانگەی ئابووریی عێراق، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی (ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران)، گورزێکی گەورەی لە کەرتی غاز داوە، بە جۆرێک گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەن:

پێش سەرهەڵدانی شەڕ: ڕۆژانە ٩,٥٠٠ تۆن غاز لە عێراقدا بەرهەم دەهێندرا.

ئاستی ئێستا: بەرهەمهێنانی گشتی بۆ تەنها ٤,٥٠٠ تۆن لە ڕۆژێکدا دابەزیوە (کە نزیکەی ٣,٠٠٠ تۆنی تەنها لەلایەن کۆمپانیای غازی بەسرەوە بەرهەم دەهێندرێت).

ڕێژەی کەمبوونەوە: بەشێوەیەکی گشتی بەرهەمهێنانی غازی ماڵان بە ڕێژەی ٥٣٪ دابەزیوە.

یەدەگی ژێرزەوی: ئاستی یەدەگی غازی ژێرزەوی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بۆ ٥٣ هەزار تۆن دابەزیوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕوانگەی ئابووری داوا دەکات بەپەلە کۆگا و یەدەگەکانی غازی ژێرزەوی فراوان بکرێن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەم یەدەگانە لەسەر بنەمای پێویستیی جوگرافی بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش بکرێن، نەک تەنها لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا قەتیس بکرێن.

لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، قەیرانی غاز و کارەبا لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە و تا دێت قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەوە. لە ئێستادا نەک تەنها هاووڵاتییان بە زەحمەتێکی زۆر غازی ماڵانیان دەستدەکەوێت، بەڵکو نرخی هەر بتڵێک غاز چەندین هێندەی نرخی پێشووی خۆی بەرزبووەتەوە و بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەر شانی خەڵک.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×