ڕۆژنامەی «فاینانشاڵ تایمز» ئەمڕۆ (چوارشەممە) بڵاویکردەوە، ئێران بە نهێنی مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی چینی بەکارهێناوە، ئەمەش لە ماوەی جەنگی دواییدا توانایەکی نوێی بە تاران بەخشیوە بۆ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاوێنە: راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە سەربازییە دزەپێکراوەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزی ئاسمانیی سەر بە «سوپای پاسداران» لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و دوای هەڵدانی بۆ بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکردی «TEE-01B»ی لە چینەوە دەستکەوتووە، کە لەلایەن کۆمپانیای «ئێرس ئای» (EarthEye)ی چینییەوە دروستکراوە و هەڵدراوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە، لەسەر بنەمای بەرواردارەکان، وێنەی مانگە دەستکردەکان و شیکارییە خولگەییەکان کە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران مانگە دەستکردەکەیان بۆ چاودێریکردنی پێگە سەرەکییە سەربازییەکانی ئەمریکا ئاراستە کردووە.
ڕۆژنامەی «فاینانشاڵ تایمز» ئاماژەی بەوەشکردووە کە وێنەکان لە مانگی ئازاردا گیراون، واتە پێش و دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکەکان بۆ سەر ئەو پێگانە.
بەپێی ئاژانسی «رۆیتەرز»، تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە کۆشکی سپی، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)، وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن)، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی چین، و کۆمپانیای «ئێرس ئای- ئیمپۆسات»ەوە نەدراوە، کە ئەمەی دواییان کۆمپانیایەکە بنکەکەی لە پەکینە و خزمەتگوزارییەکانی کۆنترۆڵکردنی مانگە دەستکردەکان و داتا پێشکەش دەکات و تۆڕەکەیشی بەسەر ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ناوچەکانی دیکەدا بڵاوبووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە «سوپای پاسداران» لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، مافی چوونەژوورەوەی بۆ وێستگە زەمینییە بازرگانییەکان بەدەستهێناوە کە لەلایەن «ئیمپۆسات»ەوە بەڕێوەدەبرێن.