ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه، ئیسرائیل پێشبینی ده‌كات ماوه‌ی ئاگربه‌سته دو هه‌فته‌ییه‌كه له‌گه‌ڵ ئێران درێژبكرێته‌وه.
ئاوێنه: سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیلی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، به ئاژانسی رۆیته‌رزی وتوه، وڵاته‌كه‌ی پێشبینی ده‌كات ئاگربه‌سته دو هه‌فته‌ییه‌كه له‌گه‌ڵ ئێران درێژبكرێته‌وه.
هاوكات كه‌ناڵی بی بی سی له زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكاوه بڵاویكردۆته‌وه، دانوستانه‌كان به‌رده‌وامن له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربه‌سته دو هه‌فته‌ییه‌كه له‌گه‌ڵ ئێران.
ماوه‌ی ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی له‌نێوان ئه‌مریكاو ئیسرائیل و ئێران بۆ ماوه‌ی دو هه‌فته راگه‌یه‌ندرا، بڕیاره رۆژی 22ی ئه‌م مانگه كۆتایی بێت.
به‌رپرسه باڵاكه‌ی ئه‌مریكا به بی بی سی وتوه، هێشتا به‌ڕه‌سمی ئه‌مریكا رازی نه‌بوه به درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه.
وتوشیه‌تی، په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وام هه‌یه له‌نێوان ئه‌مریكاو ئێران بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه.
ئه‌مڕۆ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن، له‌ئێستادا پشتڕاست ناكرێنه‌وه.
بی بی سی بڵاویكردۆته‌وه، ئه‌مریكا به‌رده‌وامه له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستان بكه‌ن به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا واده‌ی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و گه‌ڕه‌ی دانوستان دیاری نه‌كراوه.