"غەزلان مەولان"، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵە، دوای برینداربوونی بەهۆی هێرشی درۆنیەوە لەکەمپی سورداش، دەبرێتە چەند نەخۆشخانەیەکی سلێمانی بەمەبەستی چارەسەر کردن، بەڵام لەهیئچ کامیان جێگەی ناکرێتەوە، تا بەدەم ئازارو چارەسەرنەکردنەوە بەرگەی برینەکەی ناگرێتو گیان لەدەست دەدات، ئەم کەمتەرخەمییەی نەخۆشخانەکان، ناڕەزاییەکی گەورەی لەسۆسیال میدیای کوردیدا لێکەوتوەتەوە.
ئاوێنە: غەزلان مەولان، لەگەل دوو پێشمەرگەی دیکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا، رۆژی سێشەممە لەئەنجامی هێرشی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ سەر کەمپی سوورداش بریندار دەبن، غەزلان بەدوای بریندار بونیدا دەبرێتە سلێمانی بەمەبەستی چارەسەر کردن، سەرەتا دەیبەنە نەخۆشخانەی شۆڕش، دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکرێت، پێیاندەڵێن جێیان نییە بۆ داخیلکردنو بیبەنە نەخۆشخانەیەکی دیکە. دواتر دەبرێتە نەخۆشخانەی ئاسیا، بەڵام وەریناگرن، دواتر دەیبەنە نەخۆشخانەی بەخشین، لەوێش وەریناگرن، پاشان دەیبەنە نەخۆشخانەی فاروقو دوای چەند خولەکێک لەگەیاندنی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەوێ گیان لەدەست دەدات.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دڵتەزێنە، چەند کاتژمێرێکە کاردانەوەیەکی گەورەو فراوانی ناڕەزایی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە، کە زۆربەی ئەم پۆستو سەرنجانەی لەبارەوە دەنووسرێن داوای لێپێچینەوە لەو نەخۆشخانە دەکەنو هاوسۆزیو هاودەردی خۆیان بەرامبەر بەم پێشمەرگەیەو کوردانی رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان دەردەبڕن، کە چەند هەفتەیەکە لەبەردەم هێرشی بەردەوامی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانو مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانو بریکارەکانیدان لەعێراق.
لەمبارەوە. د.گۆران عەبدوڵا، کە یەکێکە لەپزیشکە چالاکو ناسراوەکانی کوردستان نووسیویەتی "غەزال... کۆماری سێدارەی ئێران جارێک کوشتی، بازرگانەکانی تەندروستی کوردستان دە جار".