دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، درەنگانی شەوی چوارشەممە (بە کاتی ئەمریکا) ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەش ڕۆژێک دوای یەکەمین خولی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولا.
ئاوێنە: ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "هەوڵ دەدەین ماوەیەک لە ئارامی لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا بدۆزینەوە. کاتێکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر کۆتا گفتوگۆی نێوان دوو سەرکردە (ئیسرائیلی و لوبنانی)، کە نزیکەی ٣٤ ساڵ دەبێت. سبەی ئەوە ڕوودەدات،" بەڵام ناوبراو هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستە ڕوو و ئاماژەشی بەوە نەکرد کە مەبەستی لە کامە سەرکردەیە.
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە دووی ئازارەوە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٢١٠٠ کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان.
"بەو نزیکانە ڕوونادات"
ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ، بەڵام ئاگربەست لە لوبنان "بەو نزیکانە ڕوونادات".
هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (فەرمی) ڕایگەیاند کە فەرماندەیی سوپا جەختی کردووەتەوە کە هیچ ڕێنماییەکی لە لایەن سەرکردایەتی سیاسییەوە پێنەگەیشتووە بۆ ئامادەکاری بۆ ئاگربەست لە لوبنان.
لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی لوبنانییەوە گواستییەوە کە پێشبینی دەکەن "بەو نزیکانە" ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا بێتە ئاراوە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ترەمپ پێشوازی لە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا دەکات، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بەشێک نییە لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران، وەک ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "سەرۆک پێشوازی لە کۆتاییهێنان بە کارە دوژمنکارییەکان لە لوبنان دەکات وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان".
زیاتریشی وتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت ئاشتییەکی بەردەوام ببینێت، بەڵام داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نەکردووە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پەیوەندییان بەو وتووێژە ئاشتییانەوە نییە کە ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا بەڕێوە دەچن".
بەرپرسەکە ڕوونی کردەوە کە سەرنجی سەرەکی واشنتن لەسەر بنیاتنانی متمانەیە لە نێوان حکومەتەکانی لوبنان و ئیسرائیلدا "تاوەکو بتوانین فەزایەک بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی بدۆزینەوە، و بۆ ئەوەی هەر لێکتێگەیشتنێکی داهاتوو بەردەوام بێت. پێویستە هەردوولا جۆش و خرۆشی سیاسی بنیات بنێن".
ڕۆژی سێشەممە، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە واشنتن لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەڕێوەچوو کە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو بەردەوام بوو، لە کۆتاییشدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی کە دواتر کات و شوێنەکەی دیاری دەکرێت.
لەو گفتوگۆیانەدا یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن، و نەدا حەمادە مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن، و میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیروت بەشدار بوون.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە نوێیانە هاوتەریبن لەگەڵ بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەسەر زەوی، لە کاتێکدا لوبنان لە ناوخۆدا دابەشبوونی توندی هەیە سەبارەت بەم وتووێژانە.
لە نۆی ئازاری ڕابردوودا، سەرۆکی لوبنان داوای دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل کرد بە چاودێری نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکدا کە لەسەر بنەمای جێگیرکردنی ئاگربەستێکی تەواوەتی بۆ ڕاگرتنی هەموو دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی داڕێژرابوو.
لە هەشتی نیسانی ئەم مانگەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند بە نێوەندگیری پاکستان، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە واشنتن و تەلئەبیب لە ٢٨ی شوباتدا دژی تاران دەستیان پێکرد و پەلەی کێشا بۆ لوبنان، و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس.
سەرەڕای ئەوەی ئیسلام ئاباد و تاران جەختیان لەوە کردەوە کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام واشنتن و تەلئەبیب ئەوەیان ڕەتکردەوە، و سوپای داگیرکەری ئیسرائیل چوارشەممەی ڕابردوو هێرشی کردە سەر لوبنان کە بە توندترین هێرش لە سەرەتای جەنگەکەوە وەسف کرا، و لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٣٥٧ کەس و برینداربوونی ١٢٢٣ کەسی دیکە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان.