پاکستان بەردەوامە لە هەوڵە چڕەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان یەکشەممەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد شکستیان هێنا.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئەمنیی پاکستانی بە کەناڵی ئەلجەزیرەی ڕاگەیاند، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، سبەینێ دوای گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ ئێران لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردندا، بەرەو واشنتۆن بەڕێدەکەوێت.
فەرماندەی سوپای پاکستان، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیرییەکەدا دەگێڕێت، دوێنێ چوارشەممە گەیشتە تاران لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانەوەی ململانێکان.
چالاکییەکانی مونیر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، کە لە گەشتێکی ٤ ڕۆژەدایە و وڵاتانی عەرەبستانی سعوودیە، قەتەر و تورکیا دەگرێتەوە، و گەشتەکەی دوێنێ چوارشەممە بە سەردانیکردنی سعوودیە دەستپێکرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، ئیسلام ئاباد بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵی خۆی بۆ ئاسانکاریکردنی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن.
گەڕێکی نوێ
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت گەڕێکی نوێی دانوستان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو لا ئاماژەیان بە بوونی بوارێک کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، و ڕوونیشیکردەوە کە ڕێککەوتنە پێشبینیکراوەکەی نێوان واشنتۆن و تاران پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگرێتەوە.
گەشبینیی هاوبەش
ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانیانەوە لێدوانی گەشبینانەیان سەبارەت بە گەڕی دووەمی دانوستانەکان دا، بەو پێیەی هەردوو لا گەشبینی خۆیان سەبارەت بە هەلەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربڕی.
ئێران ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە دانوستانەکان دووپاتکردەوە، لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوانی درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەیە کە لە ٨ی نیسانەوە کاری پێدەکرێت، لەپێناو کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، بەتایبەتی لە ئێران و لوبنان، و زیانی گەورەشی بە ئابووریی جیهانی گەیاندووە.
کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "هەست بە ئاسوودەیی دەکەین سەبارەت بە ئاسۆکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن"، و ئەو گفتوگۆیانەی کە پاکستان تێیدا نێوەندگیری دەکات بە "بەرهەمدار و بەردەوام" وەسفکرد.
لیڤیت ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی زیاتر پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت جارێکی دیکە لە پاکستان بەڕێوەبچنەوە.
گفتوگۆکانی سەرەتای ئەم هەفتەیە بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە شکستیان هێنا، ئەو شەڕەی کە ترەمپ لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا بە هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تاران لە بەرامبەردا وەڵامی دایەوە بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، و ڕایگەیاند کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج، ئەمەش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بە توندی سەرکۆنە کرا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بازاڕەکانی بۆرسە بەهۆی پێشبینییەکان بۆ وەستانی شەڕەکە، بوژانەوەیەکی بەهێزیان بەخۆوە بینی.
بژاردەی کراوە
تۆڕی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی لە زاری ستیڤن میلەر، ڕاوێژکاری کۆشکی سپییەوە گواستییەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
میلەر وتیشی، "بژاردەی سەربازی هێشتا لە ئارادایە، لە نێویاندا وەشاندنی ئەو گورزانەی کە ڕەنگە ژێرخانی وزەی ئێران بۆ چەندین ساڵ پەکبخەن."
هەروەها ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی و کۆتوبەندەکانی سەر جووڵەی وزە، فشاری زیاتر دەخەنە سەر ئابووریی ئێران، و ئاماژەی بەوەشکرد کە "واشنتۆن هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا قبوڵ ناکات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
میلەر جەختی لەوەش کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی ئەو دانوستانانەی کە لە ئێستادا لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەدەچن.