یەکێتی ژنانی کورد داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئێران دەکات
  2026-04-16       183       

پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کورد لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ سەر بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانە دەکات.

ئاوێنە: لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممە (٢٥ی خەزەڵوەر) بۆ سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشگێڕانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، "غەزال مەولایی" یەکێک لە بریندارەکانی کۆمەڵە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و گەیشتە کاروانی نەمران. پلاتفۆرمەکە وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەکەی، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی تری ڕووداوەکە خواستووە.

یەکێتیی ژنانی کورد جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە هێزە کوردییەکان لەو شوێنانەدا هیچ چالاکییەکی چەکدارییان دژی ئێران ئەنجام نەداوە، بۆیە بەکارهێنانی درۆن و هێرشکردنە سەریان وەک "تاوانی جەنگ" ناو دەبات.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، پلاتفۆرمەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات:

​هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هێزە کوردییەکان بوەستێنێت.

​لەبری پەنابردن بۆ چەک، کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی دیموکراسی و گفتوگۆوە چارەسەر بکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کورد بانگەواز ئاڕاستەی ژنان و کۆمەڵگەی کوردی دەکات کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرش و ستەمکارییانە یەکگرتوو بن و ئاستی خۆڕاگریی خۆیان بەرزتر بکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×