رووداوێک تورکیای هەژاندووە: کوڕێکی ١٤ ساڵ ٩ کەسی کوشت‌و ١٧ کەسیشی بریندار کرد
  2026-04-16       697       
عیسا ئاراس مێرسینلی و ئەو قوتابخانەیەی تیایدا دەیخوێندو کوشتاری تیا کرد

عیسا ئاراس مێرسینلی (تەمەن ١٤ ساڵ)، خوێندکاری پۆلی هەشتەمی ئامادەیی، بەو دەمانچەیەی کە لەناو جانتاکەیدا هێنابووی، لەشاری کەهرامانمەڕەش، چووەتە ناو دوو پۆلەوەو دەستی کردووە بەتەقەکردن، لەئەنجامدا ٨ قوتابی‌و مامۆستایەکی ئەو قوتابخانەیەی کوشتووە، کە تیایدا دەیخوێند، ١٧ کەسیشی بریندار کردووەو دواتریش خۆی کوشت.

 

ئاوێنە: ئوگور مێرسینلی، پشکنەری گشتی پۆلیس‌و باوکی عیسا ئاراس مێرسینلی، ئەنجامدەری کۆمەڵکوژی قوتابخانەکەی کەهرامانمەڕەش، لەبارەی کوڕەکەیەوە دەڵێت “کە زانیم کە منداڵەکان کوژراون و کوڕەکەشم خۆی کوشتووە، دواتر بەڕێنماییەکانی داواکاری گشتی دەستبەسەرکرام، ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە کوڕەکەم بەکاریهێناوە هی منە، من خاوەنی حەوت چەکی مۆڵەتپێدراوو دوو تاپڕی ڕاوکردنم، تفەنگەکان بە پێی ڕێساکان بەناوی منەوە تۆمار کراون، لەسندوقێکی قفڵدراودا هەڵگیرابوون، نازانم کوڕەکەم چۆن فێری کردنەوەی سندوقەکان بووە، سندوقەکان هەمیشە قوفڵ درابوون، ڕەنگە لە ئینتەرنێتەوە فێری کردنەوەی سندوقەکان بووبێت".

دەشڵێت "عیسا ئاراسی کوڕم وەک زمانی دایکی بە ئینگلیزی قسەی دەکرد، منداڵێکی زۆر زیرەک بوو، بەڵام کوڕەکەم تووشی کێشەو فشاری ئاسایی هەرزەکاران و پەیوەست بە تاقیکردنەوەکان ببوو. بەهۆی ئەم دۆخەوە کوڕەکەمم برد بۆ لای هاوڕێ دەروونناسەکان لە بنکەی پۆلیس، بەڵام دەروونناسەکانی ئەوێ دەیانگوت هیچ هەڵەیەک نییە و کوڕەکەم زۆر زیرەک بووە. نزیکەی دوو مانگ عیسا ئاراسم دەبرد بۆ لای پزیشکێکی دەروونناسێکی تایبەت لە نزیک ماڵەکەمان. ئەم دەروونناسە وتی کوڕەکەم کێشەی خۆگونجاندنی لەگەڵ کۆمەڵگادا هەیە، پێویستە چاودێری بکرێت و ڕەنگە لە داهاتوودا چارەسەری دەروونی پێویست بێت".

ئاماژە بەوەش دەکات کە لەبەرئەوەی کوڕەکەی کۆمپیوتەرو مۆبایلەکەی بەزمانی ئینگلیزی بەکارهێناوە، جاری وا هەبوو نەیتوانیوە لێی تێبگات، ئەو دەڵێت "نەمدەتوانی ئاگاداری ئەوە بم کە کوڕەکەم لەمۆبایل و کۆمپیوتەرەکەیدا چی دەکات؛ هەرچەندە ناوی نازانم، بەڵام زۆرجار دەمبینی یاری جەنگی دەکرد. کاتێک لێم دەپرسی چی دەکەیت، نەمدەتوانی وەڵامێکی ڕوونم دەست بکەوێت. بەڵام نزیکەی مانگێک لەمەوبەر کوڕەکەم لێی پرسیم کەی ڕێگەم پێدەدەیت تەقە بکەم‌و پێیوتم لەئەمریکا هەموو کەسێک دەتوانێت دەمانچە بکڕێت. پێم گوت کێ لەوڵاتی ئێمەدا دەتوانێت دەمانچە بکڕێت‌و هەڵیبگرێت، کوڕەکەم وتی هاوڕێکانم دەمانچەیان پێیەو تەقەش دەکەن".

ئوگور مێرسینلی دەشڵێت "لەڕۆژی ڕووداوەکەو پێش ڕووداوەکەدا هیچ دەمەقاڵەیەکمان نەبوو. باری سۆزداری کوڕەکەم بەردەوام روو لەگرژی بوو. کاتێک نمرەی کەمی لەتاقیکردنەوەکاندا دەهێنا بەلەسە دەبوو، ڕەفتاری شەڕانگێزی پیشان دەدا، بەڵام هەرگیز تێبینیم نەدەکرد هیچ هەستێکی نەرێنی بەرامبەر بەمامۆستاکانی یان خوێندکارەکانی هاوڕێی هەبێت.

ئەم کارەساتە تەنها ڕۆژێک دوای هێرشێکی دیکە بەدەمانچە دێت لەباشووری تورکیا، کە خوێندکارێک تەقەی لە قوتابخانەیەک کردو پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، ١٦ کەسی بریندار کردبوو.

ئەم دوو ڕووداوە یەک لەدوای یەکە تورکیای هەژاندووەو نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییە نوێیەکانی پۆلیس، پێدەچێت عیسا ئاراس مێرسینلی ڕێزی لە ئەنجامدەری هێرشێک لەئەمریکا، ئیلییۆت ڕۆجەرز گرتبێت‌و لەڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی تورکیادا هاتووە: "بەڵگە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تاوانبارەکە وێنەیەکی لەپڕۆفایلی واتسئەپەکەی بەکارهێناوە کە ئاماژەیە بۆ ئیلییۆت ڕۆجەرز، کە لە ساڵی 2014 هێرشێکی لەئەمریکا ئەنجامداوە".

ئیلییۆت ڕۆدجەر، لەساڵی ٢٠١٤ لەشاری ئیسلا ڤیستا لەویلایەتی کالیفۆرنیا لەڕووداوێکی تەقەکردندا شەش کەسی کوشت پێش ئەوەی خۆی بکوژێت.

پۆلیسی تورکیا دەڵێت "لە ئێستادا دەست بەسەر کۆمپیوتەرەکەیدا گیراوەو بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بەتیرۆرەوە نییەو پێدەچێت ئەمە دەرەنجامی گۆشەگیریی بێت‌ کە پێشوەخت پلانی بۆ داڕشتووەو لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن".

کوڕو باوک

باوکی عەدنان کە کوڕەکەی لەهێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، دەڵێت "ئەو تاقانەو تاکە کوڕی ئێمە بوو".

کەسوکاری کوژراوو بریندارەکان

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×