كاروان گه‌زنه‌یی: ئه‌مڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كرێت
  2026-04-16       224       

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكرێت و پڕۆسه‌كه‌ش پەیوەندی بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نییە و "لای یەكێتی ئاڵوگۆڕی پۆست پڕۆسەیەكی دیموكراسییە."

ئاوێنه‌: كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرباری دژایەتی و نەبوونی بودجە، رێبوار تەها توانی خزمەتێكی باش بە كەركوك و كەركوكییەكان بكات، بۆیە بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سوپاسی رێبوار تەها و تیمەكەی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەین، لەبەر ئەوەی توانیان وێنەیەكی جوان لە پێكەوە ژیان و ئاشتی و سەقامگیری.. لە كەركوك پێشكەش بكەن."

وتیشی"ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكرێت." كه‌ به‌قسه‌ی ئه‌و ئەم هەنگاوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەربنەمای سیاسه‌تی "حەكیمانە"ی مام جەلالە، كە "سیاسەتی پێكەوەژیانە" و كاتی خۆی به‌ له‌ كه‌ركوك پێشنیاری كردوه‌ "بۆ دابەشكردنی مافی پێكهاتەكان، 33 بە 33 بە 33."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئەمڕۆش ئه‌مان ئێمە ئەم سیاسەت و ئەم رێبازەی مام جه‌لال "بە حەكیمی" بافڵ تاڵەبانی جێبەجێ دەكەن.

ئەوەشی خستەڕو: "ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك هیچ پەیوەندییەكی دورونزیكی بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە نییە، وەكو هەندێك لایەن ئاماژەی بۆ دەكەن، بەڵكو لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە كە بەر لە دو ساڵ ئەم رێككەوتنە كراوە، ئێمەش حزبێكی راستگۆین، سیاسەت لای ئێمە بریتییە لە راستگۆیی و پابەندین بەو رێككەوتنەی كە كردومانە."

كاروان گەزنەیی جەختیكردەوە، كە لای یەكێتی ئاڵوگۆڕی پۆست پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و راشیگەیاند: پێمان وانییە پۆست میراتی سیاسی بێت بۆ هیچ كەس و لایەنێك و پێمان وایە بۆ چەسپاندنی پڕۆسەكانی دیموكراسی دەبێت پابەندو راستگۆبین لەگەڵ هاوڵاتییان و هاوپەیمانەكانمان، تا بتوانین بەسەر راستی پەیامەكانی خۆمانیان پێ بگەیەنین.

ئه‌وه‌شی وت "دەبینم و دەبیستم هەندێک لایەن تەنگه‌تاو بون و شڵەژاون بۆ پۆستى ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، من لە خەڵکى کوردستان دەپرسم، ئەو لایەنانە ئەگەر خەمى پۆستى پارێزگارى کەرکوکیان بو، بۆچى نەهاتن لەگەڵمان دەنگ بدەن بە رێبوار تەها بۆ ئەوەى ببێت بە پارێزگارى کەرکوک، ئەگەر ئەمان لەگەڵمان بهاتنایە، ئێمە ئەمڕۆ رێکەوتن و ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگارمان لەگەڵ ئەوان دەکرد، نەک لەگەڵ لایەنى دیکە بیکەین، بۆیە بە شانازییەوە ئەمڕۆ رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکەین، ئەگەر ئەم لایەنانە خەمى رێبوار تەهایانە بۆچى پیرۆزباییان لێ نەکرد و بۆچى رێگریان لێکرد بۆ هەولێر و بۆچى سکاڵایان لە دادگاکان لەسەر تۆمار کرد، من ئەم پرسیارانە لە خەڵکى کوردستان دەکەم و هیوادارم خەڵکى کوردستان وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە، بۆ ئەوەى باش و جاش دیاربێت و کێ راستگۆیە لەگەڵ میلەتەکەى و کێش سیاسەتى چەواشەکارى دەکات."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی "قۆناغێکى نوێ هاتوەتە پێشەوە و لەسەر بنەماى کورسى گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکەینەوە و هیوادارین حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت و حکومەتێکى کارا و خزمەتگوزار بێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×