مه‌سعود بارزانی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین به‌ سه‌فه‌قاتی گوماناوی یاری به‌ ئیراده‌ی ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك بكرێت
  2026-04-16       245       

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی له‌باره‌ی پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری كه‌ركوك، دهڵێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین له‌ رێگه‌ی درێژه‌دان به‌ سه‌فه‌قاتی گوماناویی فنده‌ق ره‌شید، یاری به‌ ئیراده‌ی ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك بكرێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی، پێشوازی كردوه‌ له‌ ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی ڕوسیا لە هەولێر.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردولا جه‌ختیان له‌ قوڵی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و روسیا كردۆته‌وه‌.

مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بونی شەڕ و گرژیدا نەبوەو پێیوایە هیچ كێشەیەك لەڕێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لەڕێگەی دانوساندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن.

سه‌رۆكی پارتی وتوشیه‌تی، هەورەها هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبوە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردوە. بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە ڕون و ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی موشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاوڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بونە.

لەبارەی پرسی پارێزگای كەركوكیشه‌وه‌، مه‌سعود بارزانی جەختی لەوە كردەوە "ئێمە پێمانوایە كەركوك دەبێ ببێتە شارێك نمونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەمو پێكهاتەكان بوە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بوە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە."

مه‌سعود بارزانی ئەوەشی دوپات كردەوە "بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركوك و چارەنوسی كەركوكییەكان بكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×