دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێران رازی بوه یۆرانیۆمه پیتێندراوه‌كه‌ی راده‌ست بكات. ده‌شڵێت، كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له چه‌ند رۆژی داهاتودا به‌ڕێوه‌بچێت و به‌دوریشی نه‌زانی خۆیشی به‌شداری تێدابكات.
ئاوێنه: دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له كۆشكی سپی لێدوانی بۆ رۆژنامه‌نوسان دا‌و باسی له‌وه كرد كه ئێران رازی بوه یۆرانیۆمه پیتێندراوه‌كه‌ی راده‌ست بكات و هه‌ردولا نزیك له‌وه‌ی بگه‌نه رێككه‌وتن.
تره‌مپ له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی نێوان تیمی دانوستانكاری ئێران و ئه‌مریكا وتی "ره‌نگه له كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبونه‌وه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت" و به‌دوریشی نه‌زانی كه خۆیشی له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌شداری بكات.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتیشی، "ئێرانییه‌كان رازی بون ئه‌و شته‌ی كه من پێی ده‌ڵێم تۆزی ئه‌تۆمی راده‌ستی ئێمه‌ی بكه‌ن." ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران كه ئه‌مریكا پێی وایه ده‌كرێت چه‌كی ئه‌تۆمی لێ دروست بكرێت.
تره‌مپ جه‌ختیشی كرده‌وه "ئه‌گه‌ری زۆره بگه‌ینه رێككه‌وتن" و وتیشی، ئێران تاڕاده‌یه‌كی زۆر رازی بوه به "هه‌مو شتێك."
سه‌رۆكی ئه‌مریكا جارێكی دیكه باسی له "رێبه‌رانی نوێی ئێران" كرد‌و به "لۆژێكی تر" ناوی بردن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه گوایه ئه‌مریكا پێشنیاری كردوه بۆ ئێران تا 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، تره‌مپ وتی، شتی وا له ئارادا نییه‌و هیچ كات نابێت چه‌كی ئه‌تۆمییان هه‌بێت.
ئه‌م لێدوانانه‌ی تره‌مپ هێشتا به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتڕاست یاخود ره‌ت نه‌كراونه‌ته‌وه.