دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان و ئیسرائیل، گەرووی هورمز بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوە دەبێت". ڕاستەوخۆ سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی ئێرانی کرد بۆ بڕیاری کردنەوەی گەرووەکەو ئەوی جێی سەرنج بوو کە ترەمپ گەرووی هورموزی بە "گەرووی ئێران" ناوبرد.
ئاوێنە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەسۆشیال میدیا ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوە دەبێت لە کاتی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە نیوەی شەوەوە دەستیپێکرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئێران بڕیاریدا دەستبەجێ دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتدا گەرووی هورمز دابخات، نزیکەی دوو هەزار کەشتی کە زیاتر لە 20 هەزار دەریاوانیان تێدابوو، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە نەیانتوانی بەو گەرووەدا تێپەڕن.
ترامپ لەپۆستێکیدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال"، دوای ڕاگەیاندنی عێراقچی سەبارەت بەگەرووی هورمز سوپاسی ئێرانی کردو نووسی "ئێران ڕایگەیاند کە بەتەواوی گەرووی ئێرانیان کردۆتەوەو ئامادەن بۆ تێپەڕبوونی تەواوی کەشتیەکان. سوپاس".
لە پۆستی دووەمدا سەبارەت بە گەرووەکە، ترەمپ نووسیویەتی "گەرووی هورموز ئامادەیە بۆ تێپەڕبوونی بازرگانی و بەتەواوی کراوەیە. بەڵام ئەو بەشەی کە تایبەتە بەئێران گەمارۆکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئێران 100% تەواو دەبێت".
ترەمپ ڕایگەیاند کە پرۆسەکە بە خێرایی دەڕوات چونکە لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتن کراوە.
ترامپ لە پۆستی دواتردا کاردانەوەی بەرامبەر ناتۆ نەبوو، نووسی "کاتێک دۆخی گەرووی هورمز کۆتایی هات، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم پێگەیشت کە ئایا پێویستمان بەهاوکارییە لەلایەن ناتۆوە، پێمگوتن ئەگەر نایانەوێت کەشتییەکانیان پڕبکەن لەنەوت دوور بکەونەوە، لەکاتی پێویستدا بەتەواوی بێ کەڵک بوون، پڵنگێکی کاغەزی تەواو!"
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها سوپاسی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیە و قەتەری کرد “بۆ ئازایەتی و هاوکارییەکانیان”.
دوای کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ کەشتیوانی، نرخی زێڕ و نەوت دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینی. نرخی نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 10% دابەزینی بەخۆیەوە بینی.