ئاکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لەسەر "پلانێکی گەورە" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گفتوگۆ دەکەن
  2026-04-17       178       

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، کە حکومەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران سەرقاڵی تاووتوێکردنی پلانێکی گشتگیرن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوانیان. بەپێی زانیارییەکان، بڕبڕەی پشتەوەی ئەم پلانە بریتییە لە دەستبەرداربوونی تاران لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی لە بەرانبەر ئاسانکارییەکی دارایی گەورە.

ئاوێنە: سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، واشنتۆن و تاران لەسەر مێزی گفتوگۆن بۆ ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران. ئەم هەنگاوە وەک پاداشتێک دەبێت بۆ تاران ئەگەر بێت و بەتەواوی دەستبەرداری ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بێت کە ئێستا لەبەردەستیدایە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

لەگەڵ ئەوەشدا، تاران تەنها بە ٢٠ ملیار دۆلارەکە ڕازی نییە و داوای بڕی زیاتر دەکات. ئامانجی سەرەکی ئێران گەڕانەوەیە بۆ ناو سیستەمی دارایی جیهانی (سوفت)، بەڵام لە هەمان کاتدا نیشانەی ئەوەی نەداوە کە ئامادە بێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت یان دەست لە پاڵپشتیکردنی گروپە ناوچەییەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی حەماس، هەڵبگرێت.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ببێتە مەیدانی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولا. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پاکستان ڕۆڵی سەرەکی نێوەندگیری دەگێڕێت و هەریەکە لە میسر و تورکیاش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەکەن بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە.

سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، هێشتا چەند پرسێکی هەستیار بە ناڕوونی ماونەتەوە. "ئاکسیۆس" ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و چالاکیی میلیشیاکان لە ناوچەکەدا لەخۆ دەگرێت، یان تەنها وەک ڕێککەوتنێکی "ئەتۆمی-دارایی" دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×