بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی، پێشوازی لە ڕاگەیاندراوە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی، بەتایبەت ئاگرگرییەکەی لوبنان.
ئاوێنە: تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە کە کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە، تەنها متمانە بۆ بازاڕی وزەی جیهانی ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەقامگیری و بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی هانی هەموو لایەنەکانی داوە کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و لێکتێگەیشتنە کاتییەکان بگۆڕن بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمیشەیی، بە جۆرێک کە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە بپارێزێت.
ئەم هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی دوای ئەوە دێت کە عەباس عێراقچی ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان تا کۆتاییهاتنی ماوەی ئاگربەستەکەی لوبنان.