ئەکسیۆس: رێککەوتنی ئەمریکاو ئێران "یۆرانیۆم بەرامبەر ٢٠ ملیار دۆلار"
  2026-04-17       431       

ئەمریکا و ئێران دانوستان لەسەر پلانێکی سێ لاپەڕەیی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەکەن. یەکێک لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئەمریکا ٢٠ ملیار دۆلار لە سامانی بلۆککراوی ئێران ئازاد بکات لەبەرامبەر ئەوەی ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت، بەپێی دوو بەرپرسی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی دیکەی ئاگادار لەدانوستانەکان بۆ ئەکسیۆس.

 

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتی ئەکسیۆس، دانوستانەکان لەم هەفتەیەدا پێشکەوتنی بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە، هەرچەندە بۆشایی بەرچاو ماونەتەوە. ڕێککەوتن لەسەر ئەم جۆرە مەرجانە دەتوانێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەڵام پێدەچێت ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندڕەوانی دژە ئێران ببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، پێدەچێت دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لەم کۆتایی هەفتەیەدا کۆببنەوە بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنێک.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەوڵەکانی نێوەندگیری، بڕیارە دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت، ئەگەری هەیە ڕۆژی یەکشەممە بێت.

پاکستان لەم دانوستانانەدا ڕۆڵی نێوەندگیری دەبینێت و میسر و تورکیاش لە پشت پەردەوە پشتیوانی لێدەکەن.

یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئیدارەی ترەمپ، دڵنیابوونە لەوەی کە ئێران ئەو دوو هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە لە دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانیدا هەڵیگرتووە، بە تایبەتی ٤٥٠ کیلۆگرامی پیتێنراو بەڕێژەی ٦٠٪ بەتەواوی رادەست بکات.

لەبەرامبەردا ئێران پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەیە، لایەنەکان دانوستان لەسەر چارەنووسی ئەو یەدەگانە و بڕی ئەو سەروەت و سامانە دەکەن کە دەبێت ئازاد بکرێن لەلایەن ئەمریکاوە. هەروەها باس لە مەرجەکانی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لەو سەرچاوە داراییانە دەکەن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نووسیویەتی "هیچ پارەیەک ناگوازرێتەوە"، هەرچەندە بە تایبەتی باسی لە پرسی ئازادکردنی سەروەت و سامانی ئێرانی نەکردووە.

بەگوێرەی دوو سەرچاوە، لە قۆناخێکی پێشووتری دانوستانەکاندا، ئەمریکا ئامادەبووبوو بۆ کڕینی خۆراک، دەرمان و کەرەستەی مرۆیی دیکە، بڕی ٦ ملیار دۆلار بۆ ئێران دابین بکات، بەڵام ئێران داوای ٢٧ ملیار دۆلاری کردبوو.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوایین ئامار کە لە نێوان هەردوولادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ٢٠ ملیار دۆلار بووە. بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو ژمارەیەی بە پێشنیاری ئەمریکا وەسف کرد، لە کاتێکدا بەرپرسێکی دیکە چەمکی "پارە بەرامبەر بەیۆرانیۆم"ی بە"یەکێک لە چەند بژاردەیەک کە لەبەرچاو دەگیرێت" وەسف کرد.

هاوکات ئەمریکا داوای کردووە کە ئێران ڕازی بێت بە گواستنەوەی هەموو ماددە ئەتۆمییەکانی بۆ ئەمریکا، لە کاتێکدا ئێران تەنیا ڕازی بووە کە لە ناوخۆدا ئەو مادەیە "لەژێر چاودێریدا" بهێڵرێتەوە.

بەپێی پێشنیارێکی سازان کە ئێستا لەبەرچاو دەگیرێت، بەشێک لەیۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتی سێیەم - مەرج نییە ئەمریکا - هەندێکیشیان لە ناوخۆی ئێراندا لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا شل دەکرێنەوە.

جێگای سەرنجە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سێ لاپەڕەیی کە هەردوولا دانوستانی لەسەر دەکەن، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەخۆدەگرێت.

ئەمریکا لە خولی پێشووی دانوستانەکاندا داوای ڕاگرتنی ٢٠ ساڵەی کردبوو، ئێرانیش پێشنیاری پێنج ساڵی کردبوو. ناوبژیوانان هێشتا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدەن.

به پێی ئه م یاداشته لێکتێگەیشتنه ، ئێران بۆ بەرهەمهێنانی ئایزۆتۆپی مەدەنی‌و پزیشکی ڕێگەی پێدەدرێت ڕیاکتۆری ئەتۆمی هەبێت، بەڵام پابەند دبێت بەهەبوونی هەموو دامەزراوه ناوەکییەکانی لەسەر زەوی‌و لەکارخستنی دامەزراوه ژێرزەوینییەکانی ئێستا.

هەروەها یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە باس لە گەرووی هورمز دەکات، هەرچەندە سەرچاوەکان دەڵێن هێشتا جیاوازییەکی بەرچاو لەم ناوچەیەدا هەیە.

ڕوون نییە کە ئایا ئەو بەڵگەنامەیە باس لە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران و پاڵپشتیکردنی ئێران بۆ بریکارەکانی ناوچەکە دەکات یان نا.

ئیسرائیل و کۆمارییە توندڕەوەکان لە واشنتۆن پێشتر خوازیاری ئەوە بوون کە ئەو پرسانە بخرێنە ناو هەر دانوستانێکەوە لەگەڵ ئێران.

هەروەها کۆمارییەکان و خودی ترامپ لە ڕابردوودا بە توندی ڕەخنەیان لە باراک ئۆباما گرتووە کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥دا دەیان ملیار دۆلاری لە سەروەت و سامانی ئێران ئازاد کردووە. بۆیە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ پێداگری لەسەر سنووردارکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی سەروەت و سامانە ئازادکراوەکان بکات.

بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت "ئێران هەندێک هەنگاوی ناوە، بەڵام بەشی ئەوە ناکات کە لایەنی ئەمریکی رازی بکات‌، ئێران بەڕوونی 20 ملیار دۆلار یان زیاتری دەوێت".

دەشڵێت "ئەوان دەیانەوێت نەوت بەبێ سزا و بە نرخی بازاڕی کراوە بفرۆشن و دەستیان بە سیستەمی دارایی جیهانی بگات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیانەوێت ئەم پرۆگرامە چەکی ئەتۆمییە بپارێزن، دەیانەوێت لەڕووی داراییەوە پشتیوانی گروپەکانی وەک حەماس بکەن، هەروەها ئامادەنین ئەوەندە پاشەکشە بکەن لەم شتانە بۆ ئەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بەدەستبهێنن کە پێشکەشی دەکەین".

ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، گفتوگۆکان "بنیاتنەر" بوون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا "دانوستان لە ڕێگەی میدیاوە ناکات"، ئاماژەی بەوەشکرد "سەرچاوە بێناوەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن زانیارییان لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییە هەستیارەکان هەیە، لەڕاستیدا نازانن باسی چی دەکەن".

سیناتۆر لیندسی گراهام بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، ترەمپ بە شێوەیەکی شەخسی لەگەڵ لایەنی ئێرانی قسەی کردووە و پەیوەندییەکەی ئەم دواییە "گەرم و گرژ" بووە.

ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئێران ڕازی بووە پابەند بێت بەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت‌و یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە ئاگربەستەکە بۆ دوای ٢١ی نیسان درێژ بکاتەوە، ئەگەر پێویست بوو.

تا ئێستا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس و تویتەکانی ترامپ لەو پێوەندییەدا هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام لە ئێران حوسێن شەریعەتمەداری لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی کەیهان و ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی فارس لەداوا عێراقچی دەکات سەبارەت بەکردنەوەی گەرووی هورمز پاشەکشە بکات‌و نووسیویەتی: "برای ئازیز عێراقچی! ئەمریکا لەکۆتاییدا هیچ نە بۆ ئێران‌و نە بۆ لوبنان دەکات‌و مایەپووچ دەبین، سەرەنجام سووکایەتی‌و چەوساندنەوەی دوژمن دەبینیت؟! تکایە کۆمێنتەکەت بکشێنەوە!".

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×