عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، بڕیارده‌ری ره‌وتی هه‌ڵوێست رایده‌گه‌یه‌نێت، به بیانوی "نه‌بونی داهات"، هه‌مو پرۆژەکانی سنوری سلێمانی، 100% ڕاگیراون.
ئاوێنه: عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، بەبەهای 4 ترلیۆن و 550 ملیار دینار بڕیاری پرۆژە دراوە لە سنوری سلێمانی (ڕێگاوبان و بەنداو، پرد، گەیاندنی پرۆژەی ئاو… هتد) لە گەرمیانەوە بۆ هەڵەبجەو پێنجوێن و سلێمانی هەتا ڕاپەڕین و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و سەیدسادق.
وتوشیه‌تی، به‌ڵام ئێستا هەمو پرۆژەکانی سنوری سلێمانی، 100% ڕاگیراون، تەنانەت چەندین پرۆژە 80%ی تەواوبوە، كه‌چی ڕاگیراوە، تەنانەت”نەسریەی” فەرمانگەکانی ئەو سنورە ڕاگیراوە، گرفتی دەرمان و ئامێری تەندروستی هەیە لە نەخۆشخانەکان.
به‌قسه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، "بیانو نەبونی داهاتە."
وه‌ك بڕیارده‌ری ره‌وتی هه‌ڵوێست ئاماژه‌ی پێداوه، بەپێی ڕێککەوتنێکی 12 ساڵ پێش ئێستا، پرۆژەو نەسریەو دەرمان و پاککردنەوە، هەر سنورە لە داهاتی خۆیەتی.
وتوشیه‌تی، "پێشتر داهاتی سنوری سلێمانی 150 بۆ 160 ملیار دیناربوە، ئێستا دەڵێن: بەداهاتی کارەباشەوە مانگی پێش‌و 39 ملیار) دیناربوە، بۆ؟"
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "ناکرێت داهاتی قاچاخچێتی لە باشماخ و پەروێزخان سێ هێندەی داهاتی فەرمی ئەو گومرگانە بێت بۆ خەڵک! ناکرێت داهاتی سەرانەی بازگەی حزب زیاتر بێت لە داهاتی گومرگ و مرور. خۆتان باوەڕ بەمە دەکەن داهاتی هاتوچۆو شارەوانی و گومرگ و باج و کارەبای ڕوناکی و دەیان ڕسومات 39 ملیار دینار بێت. کەی ڕەوایە بەهای ملیارەها دۆلار زەویتان بردبێت بۆ خۆتان، بەڵام هەرچێ پرۆژەیە وەستابێت."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "ئەمەی لێرە ڕودەدات، کارەساتە و تاڵانییە و نادادییە." وتوشیه‌تی"تکایە تۆمەت دروست مەکەن، ئەمە زیانگەیاندنە بە سلێمانی، ئەمە داڕوخاندنی ئەم شارە جوانەیە. بە کڕینی میدیا‌و نوسەرو دانانی دەزگاو کەناڵ و خەرجکردنی ملیۆن دۆلار ئەم دۆخە خراپەی سلێمانی داناپۆشرێت."
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح وتوشیه‌تی "ئەوەی دڵسۆزی ئەم شارە بێت قسە دەکات و دەنگی بەرز دەبێت."