ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران: سەرە دەرزییەک لەبەرامبەر ئەمریکا پاشەکشە ناکەین
  2026-04-18       148       

سکرتارییەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێشنیازە نوێیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە. دەشڵێت "سەرە دەرزییەک لەبەرامبەر ئەمریکا پاشەکشە ناکەین".

 

ئاوێنە: بەپێی ئەم بەیاننامەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە ئامادەبوونی فەرماندەی سوپای پاکستان لە تاران، پێشنیازی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە بەردەم تاران و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

هەروەها ئەنجومەنەکە هەر لەبەیاننامەکەدا جەختیشی لەسەر هەڵوێستی شاندی دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاندووە و وتویەتی "سەرە دەرزییەک سازش و پاشەکشە و خەمساردی لە ئارادا نابێت".

لەم بەیاننامەیەدا یەکێک لە مەرجەکانی ئێران بۆ قبوڵکردنی ئاگربەستی کاتی، ڕاگرتنی پێکدادانەکانە لە هەموو بەرەکان لەوانە لوبنان، بەڵام ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر بەیروت ئەو مەرجەی پێشێلکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمریکا بە تێپەڕینی کەشتییەکان "ملی بۆ ئاگربەست کەچ کردووە".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "لە ئەگەری پابەندبوون بە ئاگربەست، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی مەرجدار و تەنها بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان کراوە دەبێت و، هاتوچۆی کەشتییە سەربازییەکان و هەروەها کەشتییە نامەدەنییەکانی وڵاتانی نەیار تەنها بە مۆڵەت و لەژێر چاودێریی ئێراندا دەبێت".

سەبارەت بە گەمارۆی کەنداوی فارس لەلایەن ئەمریکاوە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران دەڵێت "تا ئەو کاتەی دوژمن بیەوێت ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان دروست بکات و گەمارۆی دەریایی پەیڕەو بکات، ئێران ئەوە بە یەکێک لە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنێت و ڕێگری لە کردنەوەی مەرجدار و سنوورداری گەرووی هورمز دەکاتەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×