"محەمەد سەمعان ئاغا" کێیە؟
  2026-04-18       797       
محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری نوێی کەرکوک

ئا: ئاوینە

 

"لەپارێزگای کەرکوک پێشهاتێکی چاوەڕوانکراو ڕوویدا، محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بەپارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا، بەم شێوەیە دوای نزیکەی 100 ساڵ جارێکی دیکە پارێزگاری کەرکوک کەوتەوە ژێر کۆنترۆڵی تورکمانەکانەوەو چاوەڕوانییەکی سەدەیەک لە کەرکوک کۆتایی دێت!".

 

ئەمە هەواڵی‌و کۆمێنتی زۆربەی هەرە زۆری میدیا تورکییەکانە لەبارەی هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان ئاگا بەپارێزگاری کەرکوک، کە سەرۆکی بەرەی تورکمانیەو تەنها خاوەنی دوو کورسین لەکۆی ١٦ کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە.

میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە "ئەم پێشهاتە نوێیە بەوەرچەرخانێکی مێژوویی دادەنرێت لەڕووی هەردوو هاوسەنگی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لەناوچەکەدا .

فاتمە شاهین، سەرۆکی شارەوانی گەورەی غازی عەنتاب، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا، دەڵێت "ئەمڕۆ سەدەیەک بێدەنگی بەم هەواڵە شکاوە؛ کەرکوک دوای سەدەیەک جارێکی دیکە لەلایەن پارێزگارێکی تورکمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، سڵاو لەغازی عەنتابەوە کە خاکێکی تری تورکمانی ئۆغوزە، تا کەرکوک".

محەمەد سەمعان کەنعان یوسف ئاغا، سیاسەتمەدارێکی سەر بەنەتەوەی تورکمانە.

لەماوەی ساڵێکدا دوو پۆستی گرنگی وەرگرتووە، لە١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، بەکۆی دەنگی مەکتەبی سیاسی، لە دوای حەسەن توران، بەسەرۆکی بەرەی تورکمانی هەڵبژێردراو  لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦یش بەپارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا.

لە ماوەی ١٠٢ ساڵدا، سەمعان ئاغا یەکەم پارێزگاری تورکمانە لەکەرکوک.

سەمعنا ئاغا، لەساڵی ١٩٨٢ لەناحیەی ئاڵتون کوپری شاری کەرکوک لەدایک بووەو خوێندنی لەشاری کەرکوک تەواو کردووە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەپرۆگرامی کۆمپیوتەر لەکۆلێژی زانست لەزانکۆی کەرکوک‌و بڕوانامەیەکیشی لەکۆلیژی پەروەردە لەزانکۆی غازی (بەزمانی تورکی) بەدەستهێناوە.

لەچوارچێوەی بەرەی تورکمانی عێراقدا دەستی بەچالاکییە سیاسییەکانی کردووە، کە چەندین پۆستی سەرکردایەتی هەبووەو پێش ئەوەی ببێت بەسەرۆک، وتەبێژی فەرمی ئەو بەرەیە بووە.

سەرنوسەری گۆڤاری لاوان‌و سەرۆکی یەکێتی قوتابیان‌و لاوانی تورکمانێلی‌و ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و بەرپرسی ڕێکخراوەکانی بەرەی تورکمانی لەکەرکوک بووە.

هەروەها بەڕێوەبەری خانەنشینی‌و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بووە لەکەرکوک.

سەمعان ئاغا، کە لەکۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لەسیاسەتی تورکماندا چالاک بووە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ مەهەپەو ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک هەیەو ماوەی چەند ساڵێک لەتورکیا ژیاوە، لەساڵی ٢٠٠٠ روویکردوەتە تورکیاو دواتر لەپاش  ٢٠٠٣ گەڕاوەتەوە عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×