سەعید خەتیبزادە، جێگرى وەزیرى دەرەوەی ئێران، نوێترین پەرەسەندنەکانى پەیوەست بە دانوستانەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاڵوگۆڕکردنى ژمارەیەکی زۆر لە پەیام لە نێوان هەردوولادا، بەڵام تاران سوورە لەسەر پاراستنى دەستکەوتە ئەتۆمییەکانی.
ئاوێنە: خەتیبزادە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى جەختى لەوە کردەوە، کە پرسی ڕەوانەکردنى یۆرانیۆمى پیتێنراو بۆ ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک لە کارنامەى گفتوگۆکانیاندا نییە. ڕاشیگەیاند: "ئێمە هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێنراو بۆ ئەمریکا نانێرین و ئەو پرسە بە هیچ شێوەیەک جێگەی گفتوگۆ و سازش نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگرى وەزیرى دەرەوە ئاماژەی بە دۆخى ستراتیژیی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا بڕیارە ڕێنمایی نوێ بۆ "گەرووی هورمز" دەربچێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا گەرووەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزى دەریایی ئێراندایە و هاتوچۆى تێدا ڕاگیراوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، تەنیا سێ ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنى ئەو ئاگربەستەى کە لە نێوان واشنتن و تاران ڕاگەیاندرابوو. سەرەڕای ئەوەى تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی فەرمی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى کۆتایی نییە، بەڵام دانوستانەکان بە چڕی بەردەوامن. چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن لە کاتژمێرەکانى کۆتایی ئاگربەستەکەدا، هەردوولا بگەینە جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ ڕێگرییکردن لە تەقینەوەى دۆخەکە.