فەرماندەیی گشتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئەو کەسەی لە شاری قامیشلۆ هێرشی کردبووە سەر ئاڵای کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرا و دەشڵێت: لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئاسایش و سەلامەتی گەلەکەمان.
ئاوێنە: دوێنێ لە شاری قامیشلۆ، کەسێک بە ناوی حسێن ئەلحسۆ تەقەی لە ئاڵای کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ئەمەش بوو بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن هاووڵاتییانەوە و لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژئاوا خەڵک گردبوونەوە و داوای لێپرسینەوەیان لەوکەسە کرد کە دەستڕێژی کردبووە سەر ئاڵای کورد.
لەو چوارچێوەیەشدا فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا دەستگیرکردنی حسێن ئەلحسۆی ڕاگەیاند کە هەستابوو بە ئەنجامدانی ئەو کارە.
ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی گشتی ئاسایشی بەم شێوەیەیە:
“بە پشتبەستن بە پابەندبوونمان بە پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی و پاراستنی سیمبول و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگاکەمان، بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنین کە هێزەکانمان کەسێکیان بە ناوی حسێن ئەلحسۆ کە هێرشی کردبووە سەر سیمبولەکانی کورد و خەڵکی قامیشلۆیە دەستگیرکردووە.
دوای ئەوەی شوێنی ئەو کەسە دیاری کرا و چاودێری جموجۆڵەکانی کرا، هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی گشتی حکومەتی کاتیی سووریا کرا.
بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئۆپەراسیۆنێک کە کاتژمێر ٣:٠٠ئەنجامدرا و هێزەکانمان هەڵیانکووتایە سەر شوێنی حسێن ئەلحسۆ و دەستگیریان کرد.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کە لەبەردەستماندان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکی پشت ئەم کارە خراپانە بۆ تێکدانی سەقامگیری، بڵاوکردنەوەی فیتنە و پشێوەییە لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێمەکە کە پێکەوە دەژین.
دووپاتی دەکەینەوە، کە کەسی دەستگیرکراو بە وردی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی دۆسیەکە بە تەواوی ئاشکرا بکرێت و حسێن ئەلحسۆ بخرێتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی بە پێی یاسا سزای خۆی وەربگرێت.
هەروەها ڕایدەگەیەنین، کە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی وردەکارییەکانی دیکەی لێکۆڵینەوەکە بڵاودەکاتەوە.
ئێمە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)، جارێکی دیکە بەڵێنمان بە گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئاسایش و سەلامەتی گەلەکەمان.