عامر فایەز: دوای کشانەوەی مالیکی و سوودانی، شەش ناو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کێبڕکێ دەکەن
  2026-04-19     

عامر فایەز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکی هاوپەیمانی "تەسیم"، ئەمڕۆ شەممە (١٨ی نیسانی ٢٠٢٦) پەردەی لەسەر تایبەتمەندییەکانی قۆناغێکی نوێ لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا لادا، ئەمەش دوای کشانەوەی هەریەک لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتی وەزیران. ناوبراو جەختی کردەوە کە کێبڕکێکە ئێستا تەنها لە نێوان شەش ناودا ماوەتەوە کە لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا تاوتوێ دەکرێن.

ئاوێنە: عامر ​فایەز لە لێدوانێکدا بۆ "بەغداد یەوم" ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام بدرێت، بۆ ئێوارەی دووشەممە کاتژمێر هەشتی شەو لە ماڵی عەممار حەکیم دواخراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆبوونەوەکەی دووشەممە چارەنووسساز دەبێت و ڕەنگە ڕاگەیاندنی فەرمی ناوی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی تێدا بێت، ئەگەر لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 ڕوونی کردەوە کە ئێستا کێبڕکێکە لە نێوان شەش کەسایەتیدایە، ئەوانیش: باسم بەدری، عەلی شوکری، محەمەد دەراجی، عەبدولحوسێن عەبتاین، قاسم ئەعرەجی، و حەمید شەترین. ئاماژەی بەوەش دا ئەو دەنگۆیانەی باس لە یەکلاکردنەوەی کاندیدکردنەکە پێشوەختە بۆ بەرژەوەندی باسم بەدری دەکەن نادروستن، و دانوستانەکان هێشتا لەسەر هەر شەش ناوەکە بەردەوامن بەبێ هەبوونی هیچ پێدانی ئەولەویەتێکی کۆتایی بۆ هیچ کام لە کاندیدەکان.

​فایەز وتیشی، مەحاڵە لەم ساتەدا پێشبینی ناوی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بکرێت، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی دیدارەکان و فراوانبوونی گفتوگۆکان لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا. ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا لە ناو چوارچێوەکەدا لە پێشینەی کارەکان هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانە، دوای ئەوەش دەچنە سەر وردەکارییەکانی پێکهاتەی وزاری، کە دوای یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆکەکە کاتێکی زۆری ناچێت.

​ئاماژەی بەوەش کرد کە "پێکهێنانی حکومەتی نوێ زۆر ناخایەنێت"، وەک خۆی دەڵێت، چونکە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەسەر شێوە گشتییەکەی هەیە، بەڵام "گرێکوێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکەکە هێشتا پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ گەیشتن بە کاندیدێک کە کۆدەنگی هێزەکانی چوارچێوەی لەسەر بێت".

​گۆڕەپانی سیاسی شایەدی جوڵەیەکی خێرایە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هەوڵ دەدات کاندیدێکی تەوافوقی دیاری بکات کە توانای بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی هەبێت لە سایەی تەحەدییە ئابووری، ئەمنی و هەرێمییەکاندا. کشانەوەی مالیکی و سوودانی هاوسەنگی هێزی لە ناو چوارچێوەکەدا سەرلەنوێ داڕشتووەتەوە، لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی دووشەممەیە، کە تا ئەم ساتە بە گرنگترین کۆبوونەوە دادەنرێت لە دوای دەستپێکردنی ڕاوێژەکانەوە، و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەن کە وێستگەی یەکلاکردنەوەی شوناسی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو بێت.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×