پزیشکیان: ترەمپ هیچ پاساوێکی نییە بۆ بێبەشکردنی ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی
  2026-04-19       117       

ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران لە زاری مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ پاساوێکی نییە بۆ بێبەشکردنی ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی، ئەمەش لە ناوەڕاستی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی.

​لە زاری پزیشکیانەوە لە کاتی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوان گواستراوەتەوە کە وتوویەتی: "ترەمپ دەڵێت ئێران ناتوانێت مافە ئەتۆمییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام هۆکارەکەی دیاری ناکات. ئەو کێیە کە وڵاتێک لە مافەکانی بێبەش بکات؟".

​پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەدات و هەوڵی فراوانکردنی جەنگ نادات، هەروەها "دەستپێشخەری هیچ ململانێیەک نەبووە و نابێت"، و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لە قۆناغی ئێستادا "تەنیا بەرگرییەکی ڕەوا" لە خۆی دەکات.

​هەروەها وتیشی کە ئێران هیچ چاوچنۆکییەکی بۆ خاکی کەسانی تر نییە و وڵاتانی ناوچەکە بە برای خۆی دەزانێت، وەک ئەوەی ئاژانسی "ئێرنا" لێی گواستووەتەوە.

​پزیشکیان هەڕەشەکانی ترەمپی بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ چاخی بەردین و تێکدانی شارستانییەتەکەی بەوە وەسف کرد کە "بە باشی گوزارشت لە ماهییەتی دەستدرێژیکاران و ئامانجەکانیان لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان دەکات".

​بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز

​گەرووی هورمز ئەمڕۆ یەکشەممە بە داخراوی مایەوە، لە کاتێکدا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی کۆتایی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا "دوورە" سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکان هەندێک پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە.

​تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە کە ناوی نەهێنراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، تاران بڕیاریداوە ئەولەویەت بدات بەو کەشتیانەی کە بە خێراترین شێوە وەڵامی پرۆتۆکۆڵە نوێیەکانی گەرووی هورمز دەدەنەوە و تێچووی خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش و سەلامەتی دەدەن.

​ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەشتیانەی ڕسوماتی دیاریکراو نەدەن، تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا دوادەخرێت.

​لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیری دوای گفتوگۆ ئاستبەرزەکانی ئیسلام ئاباد بەردەوامن و هیچ ڕێککەوتنێکی لێنەکەوتووەتەوە، ئێران جەختی کردەوە کە ڕێگە بە کردنەوەی ڕێڕەوە دەریایییە بازرگانییە ستراتیژییەکە نادات مەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو گەمارۆیەی سەر بەندەرەکانی هەڵبگرێت.

​لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە "گفتوگۆی زۆر باش" لەگەڵ ئێران لە ئارادایە، بەڵام هۆشداریی پێدان لە هەوڵدان بۆ "سەرانەسەندن" (ئیبتزاز) لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

​ڕۆژی هەینی، تاران کردنەوەی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند کە پێنج یەکی بەرهەمی نەوت و غازی سروشتی شلکراوەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەر ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان ڕێککەوتن کرا.

​بەڵام تاران لە هەڵوێستەکەی پاشەکشەی کرد دوای ئەوەی ترەمپ پێداگری کرد لەسەر ئەوەی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

​ترەمپ بەرگری لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران کرد و هەڕەشەی "دەستپێکردنەوەی بۆردومان"ی کرد ئەگەر تا پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتنێکی درێژخایەن واژۆ نەکرێت.

​قالیباف دوێنێ شەممە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: "مەگەر ئەمریکا گەمارۆکە هەڵبگرێت، ئەگەر نا بێگومان جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز سنووردار دەبێت".

​هەرچی سوپای پاسدارانی ئێرانە، هۆشداری دا کە هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا بەبێ مۆڵەت "وەک هاوکاری لەگەڵ دوژمن هەژمار دەکرێت و کەشتییە سەرپێچیکارەکە دەکرێتە ئامانج".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×