شارەزایەکی سەربازیی بۆ ئاوێنە: ئێران دەیەوێت کۆتایی بەبوونی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان بهێنێت
  2026-04-19       940       

ھەرچەندە ئەمریکا و ئێران ئاگربەستی کاتییان بۆ جەنگ راگەیاندووە، بەڵام ئێران ئەو ھەلەی قۆستووەتەوەو بەشێوەیەکی توند ھێرشەکانی بۆسەر حزبە رۆژھەڵاتییەکان زیاد کردووە، شارەزایەکی سەربازیی دەڵێت "ئێران ئەو حزبانە بە مەترسی دەزانێت و ئێران دەیەوێت کۆتایی بەبوونی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان بهێنێت".

 

ئاوێنە: شارەزایەکی سەربازی کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، تایبەت بە ئاوێنەی راگەیاند "ئەم جەنگە دۆخێکی ھەستیارە بۆ جیھان بەگشتی و بەتایبەت بۆ کوردستان و عێراق، ئێران ھێرشەکانی بەرفراوانکرد بۆ ئەوەی تێچووی شەڕەکە لەسەر ئەمریکاو ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی کە عەرەب و ئەوروپا زیاتر بێت.

سەبارەت بەئامانجی ھێرشەکانی ئێران بۆسەر حزبە رۆژھەڵاتییەکان سەرباری ئاگربەست لەنێوان ئەمریکاو ئیسرائیل و ئێران و حزبوڵا، ئەو وتی "کورد لەمێژووی ئێراندا زۆرترین بەرھەڵستکاری چەکدارییان ھەبووە، ھێرشەکانی ئێرانیش بۆسەر حزبە رۆژھەڵاتییەکان بۆ ئەوەیە (شەتداون)یان پێبکەن، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا لەدیدی ئێرانەوە مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەتەواوی شکست بهێنێت‌و شەڕ دەستپێبکاتەوە، ئەم هێزانە رۆڵیان هەبێت لەبەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەناوخۆدا".

وتیشی "ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ئێران، لەبەرئەوە لەقۆناغی ئێستاو داهاتووشدا دەیەوێت کۆتایی بەبوونی حزبە رۆژھەڵاتییەکان بھێنێت لەهەرێمی کوردستان، ئێران ئەوەی ئێستا بیری لێدەکاتەوە لەسەر کورد بەدرۆن و موشەک کورد لاواز بکات، دووەم رێگری بکات لە حزبە رۆژھەڵاتییەکان ئەو ئەزموونەی ھەیانە بیگوازنەوە بۆ گەلانی دیکەی ئێران‌و ببنە سەرمەشق بۆ یاخی بوون‌و بەدەستهێنانی مافەکانیان".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×