بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ لەئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان گیراوەتە بەر وەک ئامادەکارییەک بۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران.
ئاوێنە: لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن لەسەر لێدوانی پێچەوانە لەبارەی ئەگەری دانوستان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانیان، هێشتا کات و شوێنی دانوستانەکانی خولی داهاتووی دانوستانەکان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
هاوکات هاتوچۆی کەشتیەکان لەگەرووی هورمز راگیراوە، چونکە ئەمریکا بەردەوامە لەگەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، ئێرانیش دەڵێت گەرووی هورموزی داخستووە و کەشتیەکان تەنها بە مۆڵەتی سوپای پاسداران دەتوانن تێیدا تێپەڕن.
هیچ کام لەلایەنەکان لەهەڵوێستی توندی خۆیان پاشەکشەیان نەکردووە. ترامپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەمریکا تەنها لە حاڵەتێکدا گەمارۆ سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت کە بگەنە رێککەوتنی کۆتاییو ئاشتی.
ئێرانیش، واشنتۆن تۆمەتبار دەکات بەوەی پابەند نەبووە بەئاگربەست و گەرووی هورمز دادەخات.