ڕۆژی یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و ئێران ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هەنگاوە.
ئاوێنە: هاکان فیدان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دانوستانەکانی نێوان هەردوو لایەن تا ڕادەیەکی زۆر تەواو بوون، سەرەڕای بەردەوامی هەندێک ناکۆکی"، هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی کارکردن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست.
پێشتریش لە سەرەتای ئەمڕۆدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی لە ڕەتکردنەوەی فراوانکردنی بازنەی ململانێکان لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە، و لە هەمان کاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە تاران مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێشبینی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا "کرانەوەیەک" لە دانوستانە بەردەوامەکانیاندا لەگەڵ ئێران ڕووبدات.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانیەوە گواستوویەتیەوە کە واشنتن چاوەڕوانی هەنگاوی وردی ئێران دەکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی فشاری سزاکان و هەڕەشە سەربازییەکان، بەپێی وتەی سەرچاوەکان.