ترەمپ: سبەینێ لە پاکستان ئۆفەرێكی دادپەروەرانە بە ئێران دەدەین
  2026-04-19       160       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاستی گرژییەکانی لەگەڵ تاران گەیاندە لوتکە و ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە شاندێکی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لەگەڵ شاندی ئێران کۆدەبنەوە. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمە "دواین دەرفەتە" و ئەگەر تاران ئۆفەرە نوێیەکەی ئەمریکا قبوڵ نەکات، ڕووبەڕووی هێرشی سەربازیی وێرانکەر دەبێتەوە.

ئاوێنە: ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: "ئۆفەرێکی دادپەروەرانە دەدەینە ئێران، بەڵام ئەگەر ڕەبتی بکەنەوە، هەموو وێستگەکانی وزە و پردەکانی ئەو وڵاتە لەناو دەبەین." سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بە پێشێلکردنی "ئاگربەست" تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بێمانایە، چونکە بە وتەی ئەو "گەمارۆکانی ئەمریکا پێشتر گەرووەکەی داخستووە."

​ترەمپ زیانە ئابوورییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد و وتی: "بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، ئێران ڕۆژانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، لەکاتێکدا ئەمریکا هیچ زیانێکی بەرناکەوێت، بۆیە تاران ناچارە بە خێرایی خۆی ڕادەست بکات."

لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە هەڵوێستێکی تونددا وەڵامی هەڕەشەکانی کۆشکی سپی دایەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە مافی یاسایی و ڕەوای خۆمان بۆ بەرگریکردن بەکاردەهێنین و سەرجەم فشارەکان ڕەتدەکەینەوە."

​پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی هەوڵی فراوانکردنی بازنەی شەڕ نادات، بەڵام جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن ترەمپ گەلی ئێران لە "مافە ئەتۆمییەکانی" بێبەش بکات. وتیشی: "هەڵوێستی ئێمە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەیە، بەڵام تەسلیمی فشار نابین."

بڕیارە سبەی ئێوارە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان هەردوو شاند لە ئیسلامئاباد بەڕێوەبچێت، کە چاودێرانی سیاسی وەک "کۆبوونەوەیەک لەسەر لێواری شەڕ" ناوی دەبەن، چونکە ئەنجامەکەی چارەنووسی گرژییەکانی ناوچەکە و داهاتووی ئابووری و سەربازی ئێران دیاری دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×