لە روداوێکی تەقەکردندا 8 منداڵ لە ویلایەتێكی ئه‌مریكا کوژران
  2026-04-19       159       

لەروداوێكی ته‌قه‌كردندا 8 منداڵ له‌ ویلایه‌تێكی ئه‌مریكا کوژران و تۆمەتباری سەرەکیی روداوەکەش دوای راوەدونانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کوژراوە.

 ئاوێنه‌: پۆلیسی شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردندا، 8 منداڵ کوژران و تۆمەتباری سەرەکیی روداوەکەش دوای راوەدونانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کوژراوە.

پۆلیسی شاری شریڤپۆرت دوای وەرگرتنی چەندین پەیوەندی سەبارەت بە هەبونی "کێشەیەکی خێزانی،" گەیشتوەتە شوێنی روداوەکە.

کریستۆفەر بۆردێلۆن، وتەبێژی پۆلیسی شارەکە دیمەنی تاوانەکەی بە "یەکجار بەرفراوان" وەسف کرد کە سێ ماڵی جیاوازی گرتوەتەوە.

 تۆمەتبارەکە دەستڕێژی گوللـەی لە 10 کەس کردوە؛ لەو ژمارەیە 8 کەسیان کوژراون کە هەمویان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ 14 ساڵیدایە. دو کەسی دیکەش بە برینداری گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

وتەبێژی پۆلیس ئاشکرای کرد، تۆمەتبارەکە دوای تاوانەکە، ئۆتۆمبێلێکی بە زەبری چەک لە هاوڵاتییەک سەندوە و هەوڵی هەڵاتنی داوە. هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ کەوتونەتە راوەدونانی و لە ئەنجامی پێکدادان و تەقەکردن، پۆلیس توانیویەتی تۆمەتبارەکە بکوژێت.

هەرچەندە پۆلیس هێشتا ناسنامەی بکوژەکەی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام بۆردێلۆن ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن هەندێک لەو منداڵانەی لە ناو ماڵەکاندا کوژراون، "لە منداڵ و نەوەکانی خودی تۆمەتبارەکە بون."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×