لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتی نێوان واشنتۆن و تاران، ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گواسترانەوە بۆ ناو ئاوە کراوەکانی جیهان. سوپای ئەمریکا فراوانکردنی مەودای ئابڵوقە دەریاییەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند، کە لە گەمارۆیەکی ناوخۆیی لە دەوری بەندەرەکانی ئێرانەوە گۆڕاوە بۆ ڕاوەدوونانێکی دەریایی جیهانی کە هەر کەشتییەکی پەیوەندیدار بە تاران لە هەر شوێنێک بێت، دەکاتە ئامانج.
ئاوێنە: ژنەراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا "بە چالاکانە" ڕاوەدووی هەر کەشتییەک دەدەن کە ئاڵای ئێرانی پێوە بێت یان هەوڵی پێشکەشکردنی پاڵپشتی ماددی پێ بدات، بەبێ گوێدانە شوێنەکەی لە دەریا کراوەکاندا (ئاوە نێودەوڵەتییەکان).
ئەم گرژییە سەربازییە - کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکەی دژی ئێران بە ناوی "تووڕەیی داستانی" (Epic Fury) دێت - هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوتەریب لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بە ناوی "تووڕەیی ئابووری" (Economic Fury).
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی دووەمی بە "هاوتای دارایی" هەڵمەتی بۆردومانەکە وەسف کرد، چونکە سزای لاوەکی لەسەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە.
مشتومڕی یاسایی و بێبەشکردنەکان لە جێبەجێکردن
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" پرسیار لەبارەی یاساییبوونی ئەم ئابڵوقەیە دەورووژێنێت و لە زاری جەیمس ئاڕ هۆڵمز، سەرۆکی ستراتیژی دەریایی لە کۆلێژی جەنگی دەریاییەوە دەگوازێتەوە کە ئابڵوقەکە لە ڕووی یاساییەوە بە "کردەوەیەکی جەنگی" دادەنرێت، و تا ئەو کاتەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" بەردەوام بێت، بەپێی دەسەڵاتەکانی ئەمریکا یاساییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای نەبوونی ڕاگەیاندنی فەرمی جەنگ لەلایەن کۆنگرێسەوە، بەڵام "جەنگە ڕانەگەیەندراوەکان لە مێژووی ئەمریکادا یاسا و ڕێسای باون نەک حاڵەتی دەگمەن".
لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیش، جێنیفەر کاڤانا، بەڕێوەبەری شیکاری سەربازی لە سەنتەری "ئولەویاتی بەرگری" ڕوونی کردەوە کە ئەم یاسایە بۆ شەرعییەتی ئابڵوقەکە مەرجی ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەبێت "کاریگەر و شیاوی جێبەجێکردن" بێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە بیرۆکەی "ئابڵوقەی جیهانی" ڕەنگە لە ڕووی یاساییەوە بە ڕێگەپێنەدراو دابنرێت چونکە "بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر بەرفراوانە".
بۆ ڕوونکردنەوەی مەودای بەئامانجگرتنی یاسایی و جیاکردنەوەی نێوان گوتاری سیاسی و سنووردارکردنە کردەییەکان، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختی کردەوە کە ئابڵوقەکە ئەو کەشتیانە ناکاتە ئامانج کە بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان دەڕۆن یان لێیان دەردەچن، هەروەها بارە مرۆییەکان کە پشکنینیان بۆ دەکرێت، لەم بڕیارە بەدەر دەکرێن.
تەحدییە لۆجستییەکان
لەسەر ئەرزی واقیع، ئەم ڕاگەیەندراوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی لۆجستی و سیاسی دەبێتەوە، هۆڵمز بە نیویۆرک تایمز دەڵێت "حەوت دەریاکە شوێنێکی زۆر گەورەن، و گەورەترین هێزی دەریاییش لە چاو ئەواندا بچووک دەردەکەوێت".
پێشبینی دەکرێت واشنتۆن پەنا بۆ "جێبەجێکردنی بژاردە" ببات، وەک ئەوەی بە بێدەنگی چاوپۆشی لەو کەشتیانە بکات کە نەوت بۆ چین دەگوازنەوە، ئەمەش بۆ دوورکەوتنەوە لە توڕەکردنی پەکین پێش لووتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان هەردوو سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ.
لەم چوارچێوەیەدا، ساڵح حیجازی، شارەزای دەریاوانی - لە لێدوانێکدا بۆ جەزیرە موباشیر - پێیوایە ڕەنگە ئابڵوقەکە بۆ خنکاندنی تاران بەس نەبێت، چونکە ١١ بەندەری هەیە، کە ٣ دانەیان لەسەر دەریای قەزوینن (ئەنزەلی، نەوشەهر و ئەمیر ئاباد) و هەناسەیەکی پێ دەبەخشن بەرەو ڕووسیا، جگە لە ڕێڕەوە دەریایی و وشکانییە جێگرەوەکانی بەرەو چین.
دیمەنی مەیدانی و ڕووداوی کەشتی "تۆسکا"
بۆ سەپاندنی ئەم گەمارۆیە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە واشنتۆن زیاتر لە ١٠ هەزار سەربازی ئەمریکی و دەیان کەشتی کۆکردووەتەوە. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تا دوێنێ یەکشەممە ٢٥ کەشتی پابەندی فەرمانەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون بۆ گەڕانەوە.
بۆ توندکردنەوەی چاودێریش، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەستپێکردنی دەوریەی چاودێری بە هێلیکۆپتەر کە لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و تێکشکێنەرەکانەوە لە دەریای عەرەب فڕیون، ڕاگەیاند.
ڕۆژی یەکشەممە جێبەجێکردنی کردەیی ئەم ئابڵوقەیە بەخۆیەوە بینی، کاتێک سەرۆک ترەمپ ڕایگەیاند کە تێکشکێنەری "یو ئێس ئێس سپروانس" کەشتییەکی زەبەلاحی بارهەڵگری ئێرانی بە ناوی "تۆسکا" لە کەنداوی عومان ڕاگرتووە.
بەپێی بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندی، بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر هۆشداری دراوە بە کەشتییەکە، دوای ئەوە تێکشکێنەرەکە ٣ گوللەی لە تۆپەکەیەوە ئاراستەی "ژووری بزوێنەری" کەشتییەکە کردووە بۆ پەکخستنی بەبێ نوقمکردنی، پاشان هێزەکانی "مارینز" ئۆپەراسیۆنی دابەزینیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەنجامداوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە کە کەشتییەکە سەر بە کۆمپانیای کەشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە (IRISL) کە لەژێر سزاکاندایە و لە بەندەری چووهای چینییەوە دەگەڕایەوە. دەستبەجێ جۆری ئەو بارەی هەڵیگرتبوو ڕوون نەبووەوە، بەڵام ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری شارەزایانەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بەندەرە بە بارکردنی ماددە کیمیاییەکان -وەک پێرکلۆرایتی سۆدیۆم- ناسراوە کە وەک سووتەمەنی ڕەق بۆ مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بەکاردێت.
دیپلۆماسی لەژێر ئاگردا: چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدا دێت کە ئێران جارێکی دیکە گەرووی هورمزی داخستووەتەوە و چەند ڕۆژێکی کەمیش ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە.
واشنتۆن وەفدێکی باڵای ڕەوانەی پاکستان کردووە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و جارید کۆشنەر لەخۆدەگرێت لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی ئێران "ڕەتکردنەوەی" بەشداریکردنی تارانیان بڵاوکردەوە بەهۆی داواکارییە "زۆرەکانی" ئەمریکاوە، بەڵام ترەمپ هەڕەشەی کرد ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، فەرمان بە تێکشکاندنی "هەموو وێستگەیەکی کارەبا و هەر پردێک لە ئێران" دەدات.
لە ئەنجامدا، سەبارەت بە دەرئەنجامی چاوەڕوانکراوی ئەم گوشارانە، نیویۆرک تایمز لە زاری جێنیفەر کاڤانا، شرۆڤەکارەوە گواستییەوە: "بۆ ئێران ئەم جەنگە پرسێکی بوون و نەمانە و بە ئاسانی خۆی ڕادەست ناکات. فشارە ئابوورییەکان ڕەنگە لەسەر مەودای زۆر درێژ سەرکەوتوو بن، بەڵام وادیارە ترەمپ ئارامیی ئەوەی نییە بۆ ئەو ئەنجامە چاوەڕێ بکات."