تەنیا چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ دەستپێکردنی ئەو دانوستانانەی کە شارەزایان بە "دانوستانی دواین دەرفەت" لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران ناوی دەبەن. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران هێشتا بە فەرمی بەشداری خۆی پشتڕاست نەکردۆتەوە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کە هەستێکی باشی بەرانبەر بە دانوستانەکان هەیە و ئاماژەی بەوە کرد "چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە ئامادەیە". بەڵام هاوکات لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" بە زمانێکی توند هۆشداری دایە تاران و وتی: "پێشنیارێکی دادپەروەرانەم پێشکەش کردوون، ئەگەر قبوڵی نەکەن، ناچار بە خۆبەدەستەوەدان دەکرێن؛ زۆر بە ئاسانی هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان تێکدەشکێنین."
شاندی واشنتن و ئامادەکارییەکانی پاکستان
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و بەشداری جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، گەیشتوونەتە ئیسلام ئاباد. حکومەتی پاکستان ڕێکاری ئەمنی توندی لە پایتەخت گرتۆتەبەر و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، جەختی لەسەر ڕۆڵی وڵاتەکەی وەک "ناوبژیوانێکی ڕاستگۆ" کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە.
هەڵوێستی تاران؛ ڕەتکردنەوەی فەرمی و ئەگەری بەشداری
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تاران هیچ پلانێکی بۆ بەشداری لەم خولەی دانوستانەکاندا نییە. بەڵام تۆڕی CNN پێشبینی دەکات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، لە دانوستانەکاندا دەربکەون. تەنانەت باس لەوە دەکرێت ئەگەر ڕێککەوتن نزیک بێت، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، خۆی بگەیەنێتە پاکستان.
ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە
لە تەل ئەبیب، "کابینەی سیاسی و ئەمنی" کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، هەرچەندە ترەمپ خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام ئەوان لیستی ئامانجە نوێیەکانیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکەنەوە.
کێشە سەرەکییەکان چیین؟
خولی یەکەمی دانوستانەکان بێ ئەنجام کۆتایی هات. خاڵە هەرە هەستیارەکان بریتین لە:
دۆسیەی ئەتۆمی: واشنتن داوای لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60٪ و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکات.
موشەکی بالیستی: ئەمریکا داوای سنووردارکردنی توندی توانای موشەکی ئێران دەکات.
دۆسیەی ئابووری: ئێران داوای هەڵگرتنی تەواوی سزاکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی دەکات.
ئەم دانوستانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو وادەی ئاگربەستی کاتی کۆتایی بێت، ئەمەش وا دەکات کات لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نەبێت.