هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران ژنێکی کوردیان ڕفاند و چارەنووسی نادیارە
  2026-04-20       393       

​لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و بێدەنگکردنی چالاکوانان و هاووڵاتییان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ژنێکی کورد لە شاری سەقز بە شێوازێکی توندوتیژانە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە خۆجێییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سەقز هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی "سەحەر مەهدی" (٣٢ ساڵان). باس لەوە دەکرێت پرۆسەی دەستگیرکردنەکە بەبێ پیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی بووە.

سەحەر مەهدی، کە خوشکی یەکێک لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێرانە، دوای دەستگیرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دەستبەسەرکردنی ناوبراو پەیوەندی بە چالاکییە سیاسییەکانی براکەیەوە هەیە و وەک ئامرازێکی فشار دژ بە بنەماڵەکەی بەکارهێنراوە.

​ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت ژنان و تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، لەم دواییانەدا ڕووی لە هەڵکشان کردووە. ئەم دۆخە نیگەرانییەکی جددی لای ناوەندە مرۆییەکان دروستکردووە، بەتایبەت کە دەستگیرکراوەکان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک بینینی پارێزەر و پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بێبەش دەکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×