پارتی هەڕەشەی بایکۆت کردنی پرۆسەی سیاسی عێراق دەکات و جوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نوێ دەستپێکردووە
  2026-04-20       590       

پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات و هەوڵەکانی بۆ داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەکان دەستپێپێکردووە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦)، وەفا محەمەد کەریم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بغداد  اليوم  ڕایگەیاند؛ لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی سەرکردایەتیی پارتەکەیان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، جەخت لەسەر پێویستیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی ڕوون کراوەتەوە بەرامبەر ئەو "پێشێلکارییانەی" دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش ئەو هەوڵانەی "پارتی دەکەنە ئامانج".

ناوبراو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بژاردەی بایکۆتکردن کە پارتی بیری لێدەکاتەوە، لە چوارچێوەیەکی سیاسی و یاساییدایە و ئامانج لێی دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر هەندێک بڕیار. هاوکات پارتی لەسەر هێڵە بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی زامنکردنی مافەکانی هەرێم و ڕێگریکردن لە پەراوێزخستنی.

وەفا محەمەد کەریم باسی لەوەش کرد، ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ ئەو لایەنانەی پێشتر بەڵێنیان بە پارتی دابوو بەڵام جێبەجێیان نەکردووە، هۆشداریشی دا کە غیابی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارەکانی دامەزراوەی تەشریعی (پەرلەمان) و جێبەجێکردن (حکومەت) دەبێت.

ئەو ئەندامەی پارتی وتیشی: "بایکۆتکردن لە چوارچێوەی دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و کارکردنە بۆ بنیادنانی شەراکەتی نوێ، کە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی سیاسیی داهاتوودا بچەسپێنێت."

جێی ئاماژەیە، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و حکومەتی فیدراڵ بەهۆی چەندین دۆسیەی وەک: پشکی هەرێم لە بودجە، بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆمار، گرژیی تێکەوتووە و پارتیش ئەم هەڵوێستانە وەک فشارێک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی بەکاردەهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×