کۆشکی سپی: ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە
  2026-04-21       167       

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممە  سەرەڕای بەردەوامیی ناڕوونی سەبارەت بە ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانەکان، ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە.

ئاوێنە: کارۆلین ​لیڤیت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «فۆکس نیوز» ڕایگەیاند: "ئەمریکا ئەمشەو لە هەموو کاتێک زیاتر لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەڕاستی باش نزیکە. بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنە کارەساتبارەی کە باراک ئۆباما واژۆی کرد؛ ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە".

​ئاماژەکەی لیڤیت بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ ناسراو بە «بەرجام»ـە، کە دواتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە هەڵوەشێنرایەوە.

​بە وتەی لیڤیت، ئەمریکا لە ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەوەشی زیاد کرد کە سەرۆک ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن و لە بەکارهێنانیاندا دوودڵ نابێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ پێشتر نیشانی داوە کە کار بە وتەکانی دەکات و بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات.

​بەپێی وتەکانی ترەمپ، بڕیارە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی پێ بێت و ئەگەر ڕێککەوتنێک نەیەتە دی، فەرمانی هێرشکردنە سەر کەرتی وزە و ژێرخانە مەدەنییەکان دەردەکرێت.

هێشتا ڕوون نییە کە ئایا خولی دووەمی دانوستانەکان پێش کۆتایی هاتنی وادەی ئاگربەستەکە، بەڕێوە دەچێت یاخود نا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×