ئێران هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی "تۆسکا" بە چەتەیی دەریایی وەسف دەکات و هۆشداریی توند دەدات
  2026-04-21       163       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو هێرشەی سەرکۆنە کرد کە سوپای ئەمریکا کردیە سەر کەشتیی ئێرانی "تۆسکا" لە دەریای عومان و دەستبەسەرکردنی تیمی کەشتییەکە.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی ئەمریکای بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکە بە "چەتەیی دەریایی" و "کارێکی تیرۆریستی" وەسف کرد، و جەختی کردەوە کە ئەمە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەیە کە لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کراوە.

وەزارەتەکە هۆشداریی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دەستبەسەرکردنی کەشتییە ئێرانییەکە، و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کەشتییەکە و تیمەکەی کرد، هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران هەموو تواناکانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکان، ئاسایشی نەتەوەیی و کەرامەتی گەلەکەی بەکاردەهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە بەرپرسیاری تەواوی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە لەقەڵەمدا.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دوێنێ دووشەممە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بارهەڵگرە ئێرانییەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا پرۆسەی دابەزینی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکە نیشان دەدات.

ڕۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کەشتیی جەنگیی ئەمریکی "یو ئێس ئێس سپروانس" ڕێگریی لە کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کردووە لە دەریای عومان کە بە وتەی ئەو "هەوڵیداوە گەمارۆی دەریایی بشکێنێت".

ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ـەوە ڕوونی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا جوڵەی کەشتییەکەیان بە تەواوی پەکخستووە لە ڕێگەی دروستکردنی کونێک لە ژووری بزوێنەرەکاندا، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە ئامادە نەبوون گوێڕایەڵی هۆشدارییەکان بن.

هۆشداریی ئێران

دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ، بارەگای سەربازیی "خاتەم ئەلئەنبیا"ی ئێران پرۆسەکەی بە "چەتەیی دەریایی" و پێشێلکردنێکی زەقی ئاگربەست وەسف کرد. تاران جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا تەقەیان لە کەشتییە بازرگانییەکە کردووە لە دەریای عومان و سیستەمی گەشتیارییەکەیان پەکخستووە، پاشان لە ڕێگەی ئاسمانەوە سەربازەکانیان لەسەر پشتی کەشتییەکە دابەزاندووە.

بارەگا سەربازییەکە هۆشداریی دا کە هێزە چەکدارەکانی ئێران "بەمنزیکانە" وەڵامی ئەم هێرشە دەدەنەوە، ئەمەش پرۆسەی هێورکردنەوە و ئەو دانوستانانەی بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێن، دەخاتە لێواری هەرەسهێنان.

هەروەها بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا ئاماژەی بە هەندێک کۆتوبەند کرد کە ڕێگرن لەوەی وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بدەنەوە، ئەویش بەهۆی بوونی تیمی کەشتییەکە و خێزانەکانیان لەسەر کەشتییەکە، و جەختی کردەوە کە دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی تیمی کەشتییەکە وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.

کەرەستەی خاوەن بەکارهێنانی دوولایەنە

لە پێشهاتێکی دیکەدا، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکان لە کەرتی ئاسایشی دەریایییەوە - کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت - بڵاویکردەوە کە ئەگەر هەیە کەشتیی "تۆسکا" ئەو کەرەستانەی هەڵگرتبێت کە واشنتن بە "ماددەی خاوەن بەکارهێنانی دوولایەنە" (سەربازی و مەدەنی) دایاندەنێت و ڕەنگە سوپای ئێران بەکاریان بهێنێت.

ئەو سەرچاوانە نەچوونە ناو وردەکاریی ئەم ماددە گومانلێکراوانە. جێی ئاماژەیە فەماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کانزا و بۆری و پارچە ئەلیکترۆنییەکان و چەندین ماددەی دیکەی وەک ئەو کەرەستانە پۆلین کردووە کە ڕەنگە بەکارهێنانی سەربازی و پیشەسازییان هەبێت و دەکرێت دەستیان بەسەردا بگیرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا بەسەر ئێرانی سەپاندووە.

داتاكانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان لە پلاتفۆرمی "مارین ترافیک" ئاماژە بەوە دەکەن کە کەشتییەکە بۆ دواجار لە کاتژمێر ١٣:٠٨ بە کاتی گرێنێچ شوێنی خۆی ڕاگەیاندووە.

کەشتیی "تۆسکا" سەر بە کۆمەڵەی هێڵە کەشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە، درێژییەکەی نزیکەی ٩٠٠ پێ دەبێت و کێشەکەی هاوتای قەبارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×