فه‌رمانده‌ی خاته‌م ئه‌نبیا: هێزه‌ چه‌كداره‌كانمان ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ و وه‌ڵامی توندی ئه‌مریكا و ئیسرائیل ده‌ده‌ینه‌وه‌
  2026-04-21       240       

عه‌لی عه‌بدوئیلاهی فه‌رمانده‌ی باره‌گای ناوه‌ندیی خاته‌م ئه‌نبیای ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قورسی ئه‌مریكا و ئیسرائیل ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆخه‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ یان گێڕانه‌وه‌ی چه‌واشه‌كارانه‌".

ئاوێنە: عه‌لی عه‌بدوئیلاهی له‌ وتارێكدا به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی سوپای پاسداران رایگه‌یاند، "گه‌لی قاره‌مانی ئێران ئه‌مڕۆ شانازی به‌و ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌یی و توانا ستراتیجییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای پاسداران و هه‌مو به‌رگریكارانی نیشتمانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر دوژمنی زایۆنی و وڵاتی زایۆنیستییان گیراونه‌ته‌به‌ر".

عه‌لی عه‌بدوئیلاهی، له‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌مریكای به‌ "تیرۆریست" وه‌سفكرد و وتی، "ئه‌مریكا له‌ ڕێگه‌ی هێرشی وێرانكه‌ر و توندی موشه‌كی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌، خۆی گه‌یانده‌ حاڵه‌تێكی بێده‌سه‌ڵاتی و ماندوبون، هێزه‌كانمان ناچاریان كردن به‌ شێوه‌یه‌كی زه‌لیل داوای ئاگربه‌ست بكه‌ن".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "گه‌لی ئێران له‌ ڕێگه‌ی ئاماده‌بونی به‌رفراوان و به‌ربڵاوی له‌ گۆڕه‌پان و شه‌قامه‌كاندا به‌رده‌وام بوه‌ له‌ پشتیوانیكردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كان".

ئاشكراشیكردوه‌، "هێزه‌ چه‌كداره‌ ئازاكانی ئێران هاوشانی حكومه‌ت و گه‌لی به‌خشنده‌ و داهێنه‌ری ئێران، له‌ پابه‌ندبونی ته‌واویان به‌ ڕێنماییه‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، به‌ یه‌كگرتویی وه‌ستاون، به‌ ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ و چاره‌نوسساز بۆ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌وه‌كانی دوژمن".

عه‌لی عه‌بدوئیلاهی ده‌شڵێت، "هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆخه‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ یان گێڕانه‌وه‌ی چه‌واشه‌كارانه‌ و درۆینه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وتی ڕوداوه‌كانی سه‌ر زه‌وی به‌ره‌وپێش ببات، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ڕۆشنایی دۆخی بێده‌نگی سه‌ربازی، سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردن و كۆنتڕۆڵكردنی گه‌روی هورمز، وه‌ڵامی گونجاوی هه‌ر پێشێلكارییه‌كی په‌یمانه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×