لێبووردنی نێودەوڵەتیی: ئێران یاسای سیخوڕی بەسەر چالاکواناندا دەسەپێنێت
  2026-04-21       129       

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، وێنەیەکی مەترسیدار لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی پەنای بۆ شەپۆلێکی بێوێنەی توندوتیژی و سەرکوتکردن بردووە.

ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەسی بە شێوەیەکی هەرەمەکی و بەکارهێنانی توندوتیژی توند دەستبەسەر کردووە. لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێ کراوە، بەجۆرێک ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە هاوشێوەی نەبووە.

سەرکوتکردنی ژنان و کەمینەکان

ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ژنان و کچان، لەگەڵ پێکهاتە و گەلانی جیاوازی ناو ئێران، ڕووبەڕووی "توندوتیژییەکی سیستماتیک" بوونەتەوە. دەسەڵاتداران بەردەوامن لە سەپاندنی سیاسەتی باڵاپۆشیی زۆرەملێ و بەکارهێنانی هێزی کوشندە و چەکی ئاگرین بۆ بڵاوەپێکردنی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک، کە لە زۆر حاڵەتدا بووەتە هۆی کوژرانی خۆپیشاندەران.

ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ

بەشێکی تری ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدان، سزای جەستەیی (وەک لێدان و بڕینەوەی جەستە) و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ. ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە دادگاییکردنەکان بە شێوازێکی نادادپەروەرانە بەڕێوە دەچن و وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەکاردێن.

دۆخی پەنابەرانی ئەفغانی و یاسای "سیخوڕی"

لە گۆڕانکارییەکی مەترسیداردا، لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئەفغانی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئێران دەرکراون یان ناچار بە گەڕانەوە کراون.

هاوکات، ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات لە پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ بەناوی "سیخوڕی"، کە ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات هەر چالاکوانێک زانیاری بۆ میدیاکانی دەرەوە بنێرێت، بە "سیخوڕ" تۆمەتباری بکەن و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بڕینی پەیوەندی ناوخۆی وڵات لەگەڵ جیهانی دەرەوە و شاردنەوەی پێشێلکارییەکان دەبینرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×