وەزیری زانیاریی پاکستان ڕایگەیاند، هێشتا وەڵامێکی فەرمی لەلایەن ئێرانەوە وەرنەگیراوە بۆ بەشداری گەڕی دووەمی دانوستان.
ئاوێنە: ئێران ئینتەر ناشیناڵ لەزاری وەزیری زانیاریی پاکستانەوە بڵاویکردەوە، هێشتا وەڵامێکی فەرمی لەلایەن ئێرانەوە سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی ناردنی شاندی وڵاتەکەیان بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی "ئاشتی"ی ئیسلام ئاباد وەرنەگیراوە.
وتیشی "ئێمە وەکو نێوەندگیر، بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە پەیوەندیداین و شوێن ڕێڕەوی دیپلۆماسی و گفتوگۆ کەوتووین".
ناوبراو جەختیشیکردەوە کە ئاگربەست کاتژمێر چوار و ٥٠ خولەکی بەیانی بە کاتی پاکستان کۆتایی دێت و، بڕیاری تاران بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە، زۆر هەستیار و چارەنووسسازە.
وەزیری زانیاریی پاکستان لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەروو، "پاکستان هەوڵێکی ڕاستگۆیانەی داوە بۆ قایلکردنی سەرکردایەتیی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان و ئەم هەوڵانەش هێشتا بەردەوامن".