ئەمەریکاو ئێران وا بڕیاربوو ئەمڕۆ گفتوگۆکانیان لەئیسلام ئاباد دەستپطببکەنەوە، بەڵام نەڤانس چووە پاکستانو نەقاڵیباف، ئێرانو ئەمریکا هەڕەشە لەیەکتر دەکەنو کەنداو بۆنی باروتی لێدێت.
ئاوێنە: کاتی "سەودا" گەورەکەی نێوان ئەمریکاو ئێران لەپاکستان بەرەو کۆتایی دەچێت، ئاگربەست چەند کاتژمێرێکی تر تەواو دەبێت، جیهان لەنێوان ڕێککەوتنو هەڵگیرسانەوەی شەڕدا هەناسەبڕکێیەتی.
هیچ کام لەئێرانو ئەمریژا بەشێوەیەکی کردەیی هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان، جگە لەپشت پەردەوە لەڕێگەی پاکستانەوە - کە سەرکردایەتییەکەی بەردەوام گەشبینی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەردەبڕێت -، ئەگەری تەواوبوونی ماوەی ئاگربەستەکە تا دێت نزیک دەبێتەوەو پێدەچێت هەردوولا خۆیان بۆ خولێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر زەوی ئامادە بکەن.
لەگەڵ پاشەکشە نەکردنی ئەمریکا لەگەمارۆی دەریاییو هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردومان لەئەگەری تەواوبوونی وادەی دیاریکراو بەبێ ڕێککەوتن، ئێران بەداخستنی گەرووی هورمز هەڵوێستی خۆی زیاتر توندتر دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف، لەپۆستێکدا رایگەیاند "ترەمپ، بەسەپاندنی ئابڵوقەو پێشێلکردنی ئاگربەست، هەوڵدەدات مێزی دانوستان بکاتە مێزی تەسلیمبوون یان پاساو بۆ هەڵوێستێکی شەڕانگێزانەی نوێ بهێنێتەوە. ئێمە دانوستان لەسایەی هەڕەشەدا قبوڵ ناکەین".
لەهەمان کاتدا فەرماندەیەکی باڵای سەربازی کۆماری ئیسلامی بەئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن "وەڵامێکی خێرا و چارەنووسساز" بدەنەوە بۆ هەر چالاکیەکی نوێی دوژمنکارانە لەلایەن نەیارانی وڵاتەوە.
بەهەمان شێوە زانیارییە ناکۆکەکان سەبارەت بەهەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە لەحکومەتی ئەمریکاوە دێت، بەو پێیەی بڕیارە ڤانس - بەپێی لێدوانەکانی دوێنێی ترەمپ - بچێتە پاکستان، بەڵام تا ئێستا نەچووەو باس لەوە دەکرێت کە سبەی دەچێت.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکدا ڕایگەیاند، ئێران چەندین جار ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێلکردووە، لە کاتێکدا پێشتر بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە هیچ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە ناکرێت.
لە هەمان کاتدا گرژیەکان لە بەرەی لوبناندا بەردەوامن، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی نەعیم قاسمی سەرۆکی حزبوڵای لوبنانی کرد، سەرەڕای ئاگربەستی دە ڕۆژە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان، هێزەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان لەباشووری لوبنان دەستپێکردووە.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل دانیشتوانی باشووری لوبنانی ئاگادارکردەوە کە بەرەو هێڵی سەوزی باشوور نەچن، کە لەسەر نەخشەیەک بڵاویکردۆتەوەو وێنا کراون.
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانی زیاتر لە ئەوروپادا دروست دەکات، چ بۆ خودی پێشهاتەکان و چ بۆ کاریگەرییەکانی لەسەر ئەوروپا.
لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداریدا لەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی خراپترین قەیرانی وزە کە تا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کراوە.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆمیساری گواستنەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداریدا لەوەی کە ئەگەر ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز نەگەڕێتەوە، لێکەوتەکانی بۆ ئەوروپا و ئابووری جیهانی "کارەساتبار" دەبن.