سوپای پاسداران کەشتییەکی لە نزیک عومان کردە ئامانج
  2026-04-22       154       

دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی شانشینی یەکگرتوو (UKMTO) ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێکیان لەباری ڕووداوێکەوە لە ١٥ میلی دەریایی باکووری ڕۆژهەڵاتی عومان پێگەیشتووە؛ کەشتییەکی جەنگیی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەی لە کەشتییەکی کۆنتێنەر کردووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئاوێنە: دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی شانشینی یەکگرتوو (UKMTO)، سەبارەت بە هێرشێکی نوێی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەک لە نزیک عومان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ لەلایەن تیمێکی کەشتیوانی لە ١٥ میلی دەریایی باکووری ڕۆژهەڵاتی عومان ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە، کە هێرشیان کراوەتە سەر.

ئاماژە بەوەش کراوە، کەشتییەکی جەنگیی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەی لە کەشتییەکی کۆنتێنەر کردووە، زیانێکی زۆری ماددی بەر کەشتییەکە کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هەموو ئەندامانی تیمەکە سەلامەتن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و دەڵێت: هەر کەشتییەک بەبێ هەماهەنگی و پرسی ئێران لە گەرووەکە نزیک بێتەوە، دەیکەنە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×