سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند كە جەنگی ئێستا پێویستیی بە درۆن و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووە و پێویستیی بە سەربازی زۆر نییە.
ئاوێنە: نووری مالیكی لە پێگەی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: ”پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازی گەڕاندنەوەی خزمەتی ناچاریی ئاڵا دەكات، بەڵام ئەم بیرۆكەیە سەردەمی بەسەر چووە.“
ڕوونیشی كردووەتەوە: ”جەنگی ئەم سەردەمە پشت بە زۆریی سەرباز نابەستێت، بەڵكوو پشت بە درۆن و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو دەبەستێت. ژمارەیەكی زۆری سەرباز، بڕەپارەیەكی زۆر لەسەر دەوڵەت دەوەستێت بەبێ ئەوەی پێویستییەكی كردارەكی هەبێت.“
باسی لەوەش كردووە كە باشتر وایە ئەو سەرچاوە داراییانە ”بۆ پێشخستنی تواناكانی سوپا و بونیادنانی هێزێكی كارا بە ژمارەیەكی كەمتر“ ئاراستە بكرێت. بۆیە داوای لە پەرلەمانی عێراق كردووە، پەلە لە دەركردنی یاساكەدا نەكات.