ڕاپۆرتێکی شیکاری کە لە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، وێنەیەکی پشێو و ناجێگیری پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئێران پیشان دەدات، کە تێیدا ئیدارەکەی بەبێ هیچ پلانێکی ڕوون نوقمی ناکۆکییەکان بووە.
ئاوێنە: کۆنۆر سترینگەر، گەورە پەیامنێری ڕۆژنامەکە لە واشنتۆن، دەڵێت کە هەڵمەتی ئەمریکا لە پلانێکی سەربازیی "حیساب بۆ کراو" بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، گۆڕاوە بۆ پشێوییەکی تەواو کە لەسەر بنەمای مەزاجی سەرۆک بونیاد نراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "پێناچێت هیچ کەسێک لە ئیدارەکەدا بزانێت چی ڕوودەدات یان پلانەکان چین و ئامانجمان چییە لە ئێستادا. پشێوییەکی تەواو هەیە و هیچ لێپرسینەوەیەکیش بوونی نییە."
نەبوونی دیدگای ستراتیژی
بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ لە پێکهاتە کارگێڕییە تەقلیدییەکان دابڕاوە کە ستراتیژی واشنتۆن لە کاتی جەنگەکاندا دیاری دەکەن، و لەبری ئەوە تووڕەییەکانی خۆی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاڵی دەکاتەوە، بە جۆرێک پۆستە ڕۆژانەکانی بوونەتە ئامرازێک بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی جەنگەکە.
شیکارییەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ترەمپ ئارامی نەماوە بۆ کۆبوونەوە درێژ و ڕێکخراوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، و پێی باشە پشت بە هەستی خۆی و ئامۆژگاری بازنەیەکی تەسک لە کەسە دڵسۆزەکانی ببەستێت کە واقیعی مەیدانی جەنگەکەی بۆ "جوان دەکەن".
سوزی وایلز، گەورە بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە یاریدەدەرەکانی "وێنەیەکی پەمەیی" و گەشبینانەی ململانێکەی پێشکەش دەکەن کە دوورە لە چەقبەستووییە ڕاستەقینەکەی مەیدانەکە، ئەمەش وای لێدەکات قەناعەت بکات کە هەموو شتێک بەپێی پلانەکە دەڕوات، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٢ ڕۆژ بەبێ یەکلاییکردنەوەی جەنگەکە.
بەپێی شیکارییەکە، ڕۆژانە گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیشانی ترەمپ دەدرێت کە سەرکەوتنەکانی هێزەکانی ئەمریکا دەخاتە ڕوو، بەبێ هیچ باسێک لە شکستە سەربازییەکان یان ئاڵۆزییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، "لە ئێستادا سەرۆک ئەوەی بیەوێت دەیکات"، لە کاتێکدا لە خولی یەکەمیدا گوێی لە یاریدەدەرەکانی دەگرت لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیاریکراودا، کە تێیدا سوود و زیانەکانی بڕیارەکانیان تاوتوێ دەکرد.
بازنەی دروستکردنی بڕیار
کۆنۆر سترینگەر بەسەر ئەو بازنەیەی دروستکردنی بڕیاردا دەچێتەوە کە دەوروبەری سەرۆکیان داوە و لەگەڵیدا سەرپەرشتی جەنگێک دەکەن کە کاریگەرییەکانی نزیکەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری، وەک یەکێک لە بەهێزترین هاندەرەکان بۆ بەردەوامبوونی ململانێکان دەردەکەوێت، و مۆرکێکی "ئایینی" دەداتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، کە زۆر دوورە لە تاکتیکە پراگماتییەکان. بەپێی شیکارییەکە، پێشتر ترەمپ بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو کە هێگسێت "نایەوێت جەنگەکە کۆتایی بێت".
نووسەر پێی وایە دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆی ئیدارەکەدا پەراوێزخراون، چونکە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە بە مەیلی سیاسی "گۆشەگیری" ناسراوە، ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ئاشتی، ئەمەش وایکردووە سەرقاڵ بێت و ڕەخنە لە جەنگەکە نەگرێت.
لە بەرامبەریشدا، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، کە یەکێکە لە سەرسەختترین نەیارانی جەنگەکانی دەرەوە، بێدەنگییەکی تەواوی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لە کارەکەی دوورنەخرێتەوە.
بەپێی شیکارییەکە، لەگەڵ ئەم چەقبەستووییەدا، دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر کۆشکی سپیدا کێشاوە، بەو پێیەی بەرپرسان درک بەوە دەکەن کە ئەوروپییەکان دەستتێوەردان ناکەن بۆ ڕزگارکردنی دۆخەکە.
ئەمەش بێئومێدی ترەمپ زیاتر دەکات، چونکە دەستی کردووە بە درکاندنی ئەوە لای کەسە نزیکەکانی کە "ئیتر نایەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکات" و بەدوای دەرچەیەک و ڕێگایەکی خێرادا دەگەڕێت.
ترەمپ درێژکردنەوەی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەوەی کە بە هەوڵی چڕی نێوەندگیری بە سەرۆکایەتی پاکستان وەسفی کرد، بەڵام دانوستانەکان هێشتا هەڵپەسێردراون، ئەمەش پرسیار دروست دەکات لەسەر توانای ئیدارەیەکی "ناڕێکخراو" - وەک ئەوەی لە شیکارییەکەدا هاتووە - بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانە هەنووکەییەکە.