مەهدی محەمەدی، ڕاوێژکاری محەمەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند کە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەنگاوێکە بۆ "کڕینی کات بە مەبەستی وەشاندنی گورزێکی کتوپڕ و غافڵگیرانە".
ئاوێنە: محەمەدی کە هاوکات ڕاوێژکاری باڵای دانوستانکاری ئێرانە، ڕۆژی سێشەممە ١ی گوڵان (ئایار) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی: "بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەناراو و بەندەرەکانی ئێران، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بۆردوومانکردن نییە و دەبێت وەڵامی سەربازیی بدرێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران ڕۆژی چوارشەممە ٢ی گوڵان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هۆشداری دا کە "لە خولی نوێی شەڕە سەربازییە ئەگەرییەکاندا"، چڕیی هێرشەکانی بۆ سەر "دارایی و بەرژەوەندییەکانی" ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئاگربەستی لەگەڵ تاران درێژ کردووەتەوە تاوەکو کاتی زیاتر بۆ دانوستانەکان بڕەخسێت. ناوبراو لە کاتێکدا جەختی لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران کردەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئەم ئاگربەستە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە تاران پێشنیازێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پێشکەش بکات". ئەم بڕیارەی ترەمپ تەنها چەند کاتژمێرێک پێش کۆتایی هاتنی وادەی دیاریکراوی ئاگربەستەکە ڕاگەیەندرا.
پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەشداری لە خولی دووەمی دانوستانەکاندا ناکات و سەردانی پاکستان ناکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم دانوستانانە بۆ "ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان بەرپرسانی ئێران" دەگەڕێتەوە، هەروەها وتیشی کە سەرکردەکانی پاکستان داوایان لێکردووە ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە.