مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی کردەوە کە ئەوهی باس دهكرێت لەبارهی ڕاگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، تەنیا پەیوەندی بە بەشێکی زۆر سنوردارهوه ههیه کە 5% تێپەڕناکات و پهیوهسته به دابینكردنی كاش بۆ پێداویستیی گهشتیاران.
ئاوێنه: مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان ئهو دۆلاره كاشهی بۆ گەشتیاران له فڕۆکەخانەکان تەرخان كراوهو نزیکەی 3000 دۆلارە بۆ هەر گەشتیارێک، لەگەڵ تهمویلكردنی بازرگانیی دەرەکی کە لە ڕێگەی حەواڵە و سیستەمی بانکیی جیهانییەوە ئەنجام دەدرێت."
ڕونیشی کردەوە، ئەوەی لە هەندێک ناوەنددا باس دەکرێت دەربارەی راگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، تەنیا پەیوەندی بە بەشێکی زۆر سنورداریی خواست لهسهر دۆلار هەیە کە ناگاتە 5%، ئەویش تایبەتە بە دابینکردنی پێداویستیی نەختینەیی گەشتیاران.
وتیشی "تهنیا ئەم بەشە كهوتۆته ژێر كاریگهری هۆکارە لۆجیستییەکانەوە کە گرنگترینیان سنورداریی گەشتە ئاسمانییەکان و داخرانی زۆربەی فڕۆکەخانەکانە، ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی كۆسپ لهبهردهم گواستنەوەی دۆلاری نەختینە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە، بەتایبەت لەگەڵ پەککەوتن یان كهمكردنهوهی گەشتەکان لە ناوچەکەدا."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم راگرتنه بهشێوهیهكی کاتی و کورتخایەنەو پەیوەستە بە بارودۆخی بهكارخستنهوه، رهنگدانهوهی بونی کێشە نییه لە سیاسەتی نەختینەیی یان نەبونی دراوی بیانی بە گشتی."
هەروەها وتیشی"بەشە هەرە زۆرەکەی خواست لەسەر دۆلار، کە بە نزیکەی %95 دەخەمڵێندرێت و تهرخانكراوه بۆ تهمویلی بازرگانیی دەرەکی (هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری و بهرژهوهندییه جۆراوجۆرهكان)، هێشتا بەشێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی کەناڵە بانکییە فەرمییەکانەوە بهبێ بونی پچڕانێكی بهرچاو، بەڕێوەدەچێت."
باسی لەوەش کرد کە دەکرێت پێداویستیی گەشتیاران بۆ دراوی بیانی لە ڕێگەی جێگرەوە نوێیەکانەوە پڕبکرێتەوە، وەک کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە دراوی بیانی، کە ڕێگە بە خاوەنەکانیان دەدات بەئاسانی لە دەرەوەی وڵات پارە بدەن یان ڕابکێشن، ئەمەش پشتبەستن بە دۆلاری نەختینەیی ڕاستەوخۆ کەمدەکاتەوە.