تۆم براک، باڵیۆزی ئەمریکا رووبەڕووی شەپۆلێک لەڕەخنەی ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان بۆوە، دوای ئەوەی لەمیانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا وتی "ئیسرائیل و حیزبوڵا هیچیان جێی متمانە نینو ئاگربەستەکەیان پشوویەکی کاتیە".
ئاوێنە: ئیسرائیلییەکان و بەشێک لەئەمریکییەکان رەخنەیان لێگرت بەو پێیەی "ناکرێت دەوڵەتێکی دیموکرات و هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ ڕێکخراوێک کە واشنتن وەک "تیرۆریست" دەیناسێنێت، بخرێتە یەک خانەی بێ متمانەییەوە".
تۆم باراک جەختی لەوە کردەوە کە ئەم لێدوانانە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکادا نیشان نادەن و ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕێبازی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کە لەسەر بنەمای ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە داڕێژراوە، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی پراگماتیانەتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە".
براک ماوەیەک لەمەوبەریش ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەوە دوای ئەوەی لەجیاتی دیموکراسی باسی لە"حوکمێکی بەهێز" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو، بەڵام دواتر ڕوونی کردەوە کە مەبەستی حوکمڕانییەکی ناوەندیی بەهێزو بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بووە.
هەروەها لە لوبنانیش مشتومڕێکی زۆری نایەوە، دوای ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر سوکایەتی بەڕۆژنامەنووسان کردبوو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا.