ئەمریکا دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری "قاچاغی" ئێراندا دەگرێت
  2026-04-23       151       

سوپای ئەمریکا ئه‌مڕۆ پێنجشەممە دەستی بەسەر کەشتییەکی دیكه‌ی نه‌وتهه‌ڵگردا گرت، ئەوەش ڕۆژێک دوای کۆنتڕۆڵکردنی دو کەشتیی له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ لە گەروی هورمز.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری ئه‌مریكا گرتەی ڤیدیۆیی هێزەکانی ئەمریکای لەسەر سەکۆی کەشتی نەوتهەڵگری ماجستیک ئێکس بڵاوکردەوە کە لە زەریای هیندی دەستی بەسەردا گیراوه‌.

لە بەیاننامەیەکی پنتاگۆندا هاتوە، "ئێمە بەردەوام دەبین له‌ پاراستنی رێڕه‌وی دەریایی جیهانی دژی تۆڕە نایاساییەکان و قەدەغەکردنی ئەو کەشتیانەی کە پشتیوانی ماددی پێشکەش بە ئێران دەکەن، لە هەر شوێنێکدا کاربکەن".

داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتیەکان دەریانخستوە کە فڕۆکەی ماجستیک ئێکس لە زەریای هیندی لە نێوان سریلانکا و ئەندەنوسیا، بە نزیکەیی هەمان شوێنی کەشتی نەوتهەڵگری تیفانییە، کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەرەو ژۆشان لە چین بەڕێکەوتبو.

لەسەر هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو وڵاتە هیچ وەڵامێکی دەستبەجێ لەلایەن ئێرانەوە نەدراوەتەوە.

دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئێران هێرشی کردە سەر سێ کەشتی بارهەڵگر لە گەروەکەدا و دو کەشتییان گرت، ئەوەش لە هەنگاوێکدا هێرشەکانی بۆ سەر کەشتیوانی لە ڕێڕەوی ئاوی سەرەکیدا چڕترکردەوە کە لە 20%ی نەوتی بازرگانی جیهانی لە کاتی ئاشتیدا تێیدا تێدەپەڕێت.

کەشتیی ماجستیک ئێکس کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئاڵای گویانایە، پێشتر ناوی فۆنیکس بو و لە ساڵی 2024دا بە تۆمەتی به‌ قاچاغبردنی نەوتی خاوی ئێران بە پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرابو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×