ئەمڕۆ هەینی، ٢٤ی نیسان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی گەشتێکی دیپلۆماسیدا گەیشتە وڵاتی پاكستان. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" و میدیا فەرمییەکانی ئێران، بڕیارە دوای تەواوبوونی دیدارەکانی لە ئیسلام ئاباد، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی مۆسکۆ و مەسقەتیش بکات.
ئاوێنە: سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئامانجی سەرەکی ئەم گەشتە، ئەنجامدانی گفتوگۆی دووقۆڵییە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا، هاوکات ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان، هەرچەندە تا ئێستا کاتەکەی بە فەرمی دەستنیشان نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆخی نێوان تاران و واشنتن ڕووی لە گرژیی زیاتر کردووە. بەرپرسانی ئەمریکا ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە گەرووی هورمز مینی زیاتری چاندووە، ئەمەش وەک "پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست" وەسف دەکەن. لە نوێترین پەرەسەندندا، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران ڕێککەوتنمان لەگەڵدا نەکات، ئەوا کار بۆ لەناوبردنی دەکەین."